ئیدارەی ترەمپ لە پلەی یەکەمدا بەدوای ئەوەوەیە دڵنیایی بەدەستبهێنێت کە ئێران دەستی بەو پاشکۆ ئەتۆمییانە نەکات کە لە دامەزراوە ژێرزەمینییەکاندا هەڵگیراون؛ ئەو پاشکۆیانەی کە بە نزیکەی ٢٠٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو مەزەندە دەکرێن، لەنێویاندا نزیکەی ٤٥٠ کیلۆگرام بە پلەی پیتاندنی ٪٦٠. لە بەرامبەردا، ئێران پێویستی بە سەرچاوە داراییەکان هەیە و دانوستانەکان لەسەر چارەنووسی ئەم پاشکۆ ئەتۆمییانە، بڕی ئەو پارەیەی کە ئازاد دەکرێت و هەروەها سنووردارکردنی ئەگەرەکان لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانە چڕبووەتەوە.
ئاوێنە: سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەمریکا لە قۆناغێکی پێشوودا ئامادە بوو ٦ ملیار دۆلار بۆ مەبەستی مرۆیی لەوانە دابینکردنی خۆراک و دەرمان ئازاد بکات، لە کاتێکدا تاران داوای ٢٧ ملیار دۆلاری کردبوو. لە ئێستادا ژمارەی ٢٠ ملیار دۆلار، وەک نوێترین ژمارەی خراوەتە سەر مێزی دانوستانەکان ئەژمار دەکرێت.
یەکێک لە بەرپرسە ئەمریکییەکان بیرۆکەی «پارە لەبەرامبەر یۆرانیۆم»ی وەک یەکێک لە چەندین پێشنیازی ژێر لێکۆڵینەوە وەسف کردووە.
ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هەردوو وڵات تاوتوێی سازکردنی خولی دووەمی دانوستانەکان لە ئیسلامئاباد دەکەن و وتی ئەگەر ئێران جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، «گۆڕانکارییەک دروست دەبێت». هەروەها ئەگەری ئەوەشی خستەڕوو کە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە سەردانی پاکستان بکات.