وته‌بێژی قه‌رارگای ناوه‌ندیی خاته‌مولئه‌نبیای ئێران داخستنه‌وه‌ی گه‌روی هورمزی به‌ڕوی هاتوچۆی كه‌شتییه‌كاندا راگه‌یاند و ده‌شڵێت، تاوه‌كو ئه‌مریكا گه‌مارۆی ده‌ریایی له‌سه‌ر به‌نده‌ره‌كانی ئێران هه‌ڵ نه‌گرێت، گه‌روی هورمز به‌داخراوی ده‌مێنێته‌وه.
ئاوێنه: ئیبراهیم زولفه‌قاری، وته‌بێژی قه‌رارگای ناوه‌ندیی خاته‌مولئه‌نبیای ئێران، ئه‌مڕۆ شه‌ممه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی، ئێران له‌سه‌ر بنه‌مای رێككه‌وتنه‌كان له دانوستانه‌كاندا و به نیازپاكییه‌وه رێگه‌ی به تێپه‌ڕینی ژماره‌یه‌كی سنوردار كه‌شتی نه‌وتهه‌ڵگر و بازرگانی به گه‌روی هورمزدا دا.
ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مریكییه‌كان، جارێكی دیكه به‌ڵنه‌كانیان نه‌برده سه‌رو به‌رده‌وامن له‌سه‌ر "چه‌ته‌یی ده‌ریایی" له‌ژێر ناوی گه‌مارۆدا.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه، له‌به‌رئه‌وه كۆنترۆڵی گه‌روی هورمز چوه‌وه دۆخی پێش‌و و گه‌روه ستراتیژییه‌كه له‌ژێر كۆنترۆڵی توندی هێزه چه‌كداره‌كانی ئێراندایه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌مریكا كۆتایی به رێگری له هاتوچۆی كه‌شتییه‌كان بۆ به‌نده‌ره‌كانی ئێران و به‌پێچه‌وانه‌وه، نه‌هێنێت، دۆخی گه‌روی هورمز به‌توندی كۆنترۆڵ ده‌كرێت و له دۆخی پێشودا ده‌مێنێته‌وه.
ئێواره‌ی دوێنێ، عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران وتی، پاش راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له لوبنان، تێپه‌ڕین و هاتوچۆی كه‌شتییه بازرگانییه‌كان به گه‌روی هورمزدا، تا كۆتایی ماوه‌ی ئاگربه‌ست، به‌ته‌واوه‌تی ئازاد ده‌بێت.
به‌ڵام دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت له گه‌مارۆی سه‌ر به‌نده‌ره‌كانی ئێران تا ئه‌و كاته‌ی ده‌گه‌نه رێككه‌وتن و وتیشی، ره‌نگه ماوه‌ی ئاگربه‌ست كه رۆژی چوارشه‌ممه كۆتایی دێت، درێژنه‌كاته‌وه.