فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا پێویستی بە پێداچونەوە و راستکردنەوە هەیە. جهختیش دهكاتهوه كه هیچ حکومەتێک لە بەغدا بەبێ بەشداریی پارتی پێکنایەت.
ئاوێنه: فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لە چاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ میدیای حزبهكهی وتی، عێراق خاوەنی سیستەمێکی پەرلەمانییە و پێویستە هەمو لایەک رێز لەم سیستەمە بگرن.
سەبارەت بە هەڵوێستە سیاسییەکان و پرسی بایکۆتی پهرلهمانی عێراق لهلایهن پارتییهوه، میرانی وتی، بایکۆتکردن یان هەڵپەساردنی کارەکان مافێکی سیاسیی فراکسیۆنەکانە و بە واتای کشانەوە لە پڕۆسەی سیاسی نایەت، بەڵکو ئاماژەیەکی رونە بۆ ئەوەی کە بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا پێویستی بە راستکردنەوە و گۆڕینی ئاراستە هەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی پارتی باسی لە دابەشکردنی پۆستە باڵاکانی عێراق کرد و وتی: "بەپێی ئەو عورفە سیاسییەی لە دوای 2003ـوە پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی سوننە دیاریکراوە. ئێمە وەک پارتی مەبەستمان نەبوە پۆستی سەرۆککۆمار بە تەنیا بۆ حزبەکەمان بێت، بەڵکو جەختمان لە مافی کورد کردوەتەوە."
فازڵ میرانی هیوای خۆی بۆ کۆتاییهاتنی یەکجاریی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربڕی و جەختی کردەوە کە یەکدەنگیی لایەنە کوردییەکان نەک تەنیا خواستێکی سیاسییە، بەڵکو ویست و داواکاریی سەرەکیی تەواوی خەڵکی کوردستانە.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە درێژەی قسهكانیدا، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و رایگەیاند: "پرسی پۆستی سەرۆککۆمار کێشەیەکی ئەوەندە گەورە و ئاڵۆز نییە کە لە نێوان یەکێتی و پارتی چارەسەر نەکرێت."
جەختی لەوەش کردەوە"ئێمە حزبێک نین کە لەسەر بنەمای سەودا و سەفەقات کاربکەین، بەڵکو پارتی حزبێکی نیشتمانپەروەرە و سیاسەت لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی دەکات."
سەبارەت بە پرسی کەرکوک و دەرەنجامە سیاسییەکانی، فازڵ میرانی رەخنەی لە پەرتەوازەیی لایەنە کوردییەکان گرت و وتی: "ئەگەر لایەنە کوردییەکان بە یەک لیستی یەکگرتو بەشدارییان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بکردایە، بێگومان پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کورد دەبو."
دوپاتیشی کردەوە، بەهۆی پێگە و مێژوی شارەکەوە، پێویست بو پۆستی پارێزگار بۆ پێکهاتەی کورد بێت و پێکهاتە و لایەنەکانی دیکەش لە رێگەی پێدانی پۆستی دیکەوە لە بەڕێوەبردنی شارەکەدا بەشدار بکرانایە.
بهقسهی فازڵ میرانی "پارتی هەمیشە رێگری لە هەر هەوڵێک کردوە بۆ فرۆشتنی خاک..ئێمە خاکمان نەفرۆشتوە و هەرگیزیش نایفرۆشین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی پارتی وتی"پارتی پێداگرە لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140 و دەرکردنی یاسای نەوت و گاز."
هەروەها رەخنەی لە یاسای ئێستای هەڵبژاردن گرت و جەختی کردەوە، کە کورد پێویستی بە یاسایەکی نوێ و دادپەروەرانەی هەڵبژاردن هەیە.
سەبارەت بە پێگەی پارتی لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا، فازڵ میرانی دوپاتی کردەوە، کە هیچ حکومەتێک لە بەغدا بەبێ بەشداریی پارتی پێکنایەت.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر حکومەتێک بەبێ پارتی دابمەزرێت، ئەوا وەک "مرۆڤێکی خاوەن پێداویستی تایبەت" دەبێت کە توانای هەستان و بەڕێوەچونی وەک پێویست نابێت.
ههروهها له بهشێكی دیكهی چاوپێكهوتنهكهیدا، میرانی وتی، پارتی و یەکێتی تا ئێستا هاوبەشن، هەروەها ئاسان نییە هاوبەش نەبین، بەشێکی زۆری کێشەکانی وڵاتان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە شەڕی ئەمریکا و ئێرانەوە بەستراوە.
دەربارەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی و نەوەی نوێ. باسی لەوە کرد، "سەردەم سەردەمی شۆکه."