بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، لەکاتێکدا وا دیار بوو دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی حەوت هەفتەیی نزیک دەبێتەوە، دۆناڵد ترەمپ لەڕێگەی پۆستەکانی سۆشیال میدیا و لێدوانەکانی بۆ ڕۆژنامەنووسان بەئاشکرا دەستوەردانی کردو تێکیدا.
ئاوێنە: سی ئێن ئێن، ئاماژە بەوە دەکت کە ترەمپ پاگەندەی کردووە ئێران پێشتر زنجیرەیەک مەرجی قبوڵ کردووە، لەکاتێکدا بەپێی سەرچاوە نزیکەکانی دانوستانەکان هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە.
لەوانە ئەو پاگەندەیەی کە تاران ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو – یەکێک لە پرسە مشتومڕاوییەکانی دانوستانەکە – هەروەها لێدوان لەبارەی ئەوەی کۆتایی هاتنی شەڕەکە نزیک بووەتەوە.
بەڵام بەرپرسانی ئێران بە ئاشکرا زۆرێک لەو بانگەشانەیان ڕەتکردەوەو وتیان "هەمووی درۆیە".
بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا دانیان بەوەدا ناوە کە دەستێوەردانەکانی ترەمپ بارگرانی لەسەر دانوستانەکان دروستکردووە ، بە لەبەرچاوگرتنی هەستیارییان و بێمتمانەیی قووڵی تاران بەواشنتۆن.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، ئەگەری ناکۆکی ناوخۆیی لایەنی ئێران لەئارادایە، لەنێوان تیمی دانوستانکارو سوپای پاسداران، کە نادڵنیایی دروست دەکات سەبارەت بەوەی کێ لەکۆتاییدا دەسەڵاتی پەسەندکردنی ڕێککەوتنێکی هەیە.
سەرچاوەیەکی نزیک لەدانوستانەکان دەڵێت "ئێرانییەکان ئەو ڕاستییەیان بەدڵ نەبوو کە سەرۆک ترەمپ لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە دەستوەردانی دەکردو وەک ڕێککەوتن لەسەر ئەو پرسانە قسەی دەکرد کە هێشتا رێککەوتنیان لەسەر نەکراوەو تاران بەتایبەتی نیگەرانە لەوەی بەلاواز لەناوخۆدا دەربکەوێتو ترەمپیش کار لەسەر ئەوە دەکات".