حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی بانگه‌شه‌كانی ئێران ده‌داته‌وه‌و بونی ناوه‌ندی هه‌واڵگریی بیانی له‌ هه‌رێم ره‌تده‌كاته‌وه‌
  2026-04-24       316       

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی بانگه‌شه‌كانی ئێران ده‌داته‌وه‌و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگری وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان بونی نییە.

ئاوێنه‌: فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە لە هەندێک دامەزراوەی دادوەری و ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بلاوکراونەتەوە کە گوایە هەندێک لەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگری وڵاتانی ترەوە مەشقیان پێکراوە.

فه‌رمانگه‌كه‌ وتوشیه‌تی، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بونی نییه‌و بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و دورە لە راستییەوە.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر بەردەوامیدان بەم جۆرە تۆمەتانە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە پێویستی بە دانبەخۆداگرتنی زیاتر و گفتوگۆ و بەشداریەکی بەرپرسیارانە هەیە. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە رەفتارە ناسەقامگیری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە هەرێمی کوردستان بە بەردەوام هەوڵی بۆ پاراستنی ئەو سەقامگیرییە داوە.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان بەردەوام بوە لە پابەندبون وەک فاکتەرێکی سەقامگیری و بێلایەن و پێکەوەژیان لە عیراق و ناوچەکە، بە رێزگرتن لە دەستوری عیراقی فیدراڵ و پرنسیپی پەیوەندی باش و دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربێت بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عیراقی فیدڕاڵ دەکات کە بەرپرسیارێتی دەستوری خۆی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی سەرەوەی عیراق و رێگریکردن لەو پێشێلکارییانەی کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لەپێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و رێزگرتن لە سەروەری و پاراستنی هاوڵاتییان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە پابەندبون بە سەقامگیری و سەروەری و پەیوەندیی باشی دراوسێیەتی دەکاتەوە

فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە لە هەندێک دامەزراوەی دادوەری و ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بلاوکراونەتەوە کە گوایە هەندێک لەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپیندراوە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگری ولاتانی ترەوە مەشقیان پێکراوە.

لەم چوارچیوەیەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵویستی رون و نەگۆڕی خۆی بۆ ڕای گشتی لە ناوەوە و دەرەوە بەم شێوەیە دەخاتە ڕو:

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمو ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە هیچ بارەگا و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بونی نیە. بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و دورە لە راستیەوە.

هەروەها، حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرامبەر بەردەوامیدان بەم جۆرە تۆمەتانە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە پێویستی بە دانبەخۆداگرتنی زیاتر و گفتوگۆ و بەشداریەکی بەرپرسیارانە هەیە. بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە رەفتارە ناسەقامگیری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە هەرێمی کوردستان بە بەردەوام هەوڵی بۆ پاراستنی ئەوسەقامگیریە داوە.

چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان بەردەوام بوە لە پابەندبون وەک فاکتەرێکی سەقامگیری و بێلایەن و پێکەوەژیان لە عیراق و ناوچەکە. بە رێزگرتن لە دەستوری عیراقی فیدراڵ و پرنسیپی پەیوەندی باش و دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە نابێت خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربێت بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ.

لە هەمان کاتدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عیراقی فیدڕاڵ دەکات کە بەرپرسیارێتی دەستوری خۆی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی سەرەوەی عیراق و رێگری کردن لەو پێشێلکاریانەی کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە لەپێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزیەکان و رێزگرتن لە سەروەری و پاراستنی هاوڵاتییان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە.

خەلکی هەرێمی کوردستان لە پێناو ئاشتی و کەرامەت و مافە دەستوریەکاندا، دەیان ساڵە بەرگەی ئازار و ململانێ و قوربانیدانی گرتوە، هەر بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پابەند بونی بە حکومرانی بەرپرسیارانە و پاراستنی هاوڵاتییانی خۆی و پەرەپیدانی پەیوەندی بنیادنەر و ئاشتیخوازانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە نێودەولەتیەکان.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان

24ی نیسانی 2026

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×