لە چوارچێوەی بەدواداچوونە پەرلەمانییەکان بۆ دۆسیە داراییە هەڵپەسێردراوەکان، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق داوای لە سەرۆکی دەستەی کارگێڕی (پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن) کردووە، ڕوونکردنەوەی ڕەسمی و ورد سەبارەت بە چۆنیەتی یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی کۆمپانیای "کۆڕەک تیلیکۆم" و ئەو ڕێکارە یاساییانەی بەرامبەری گیراونەتەبەر، پێشکەش بکات.
ئاوێنە: هەیام یاسری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکی دەستەی کارگێڕی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن کردووە. لەو نووسراوەدا جەخت کراوەتەوە کە دەبێت لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا وەڵامی وردی پەرلەمان بدرێتەوە، ئەمەش بە هاوپێچکردنی سەرجەم بەڵگەنامە، گرێبەست و ڕێکارە پەیوەندیدارەکان بە دۆسیەی قەرزەکانی ئەو کۆمپانیایەوە.
بەپێی زانیارییەکانی یاسری، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان گەیشتووەتە ڕێککەوتنێک بۆ یەکلاکردنەوەی قەرزەکانی کۆڕەک، کە بڕەکەی بە نزیکەی ٢ تریلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت. هاوکات لەگەڵ ئەم ڕێککەوتنەدا، بڕیار دراوە بە هەڵگرتنی ئەو دەستبەسەرداگرتنەی (حجز) کە پێشتر لەسەر سەروەت و سامانی کۆمپانیاکە هەبووە.
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، کە یەکێکە لە کۆمپانیا سەرەکییەکانی کەرتی پەیوەندی لە عێراق و خاوەندارێتییەکەی بۆ سیروان بارزانی دەگەڕێتەوە، بڕی یەک ملیار و ٢٥٠ ملیۆن دۆلار قەرزاری حکومەتی عێراقە.
بەهۆی یەکلانەکردنەوەی ئەم پابەندییە داراییانە لە کاتی خۆیدا، ماوەیەکی درێژە پەیوەندییەکانی ئەم تۆڕە لەگەڵ تۆڕەکانی تری پەیوەندی لە عێراقدا ڕاگیراوە، ئەمەش وەک فشارێکی یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانی دەوڵەت.