پێگەی "ئەکسیۆس" ئاشکرای کرد کە پێشکەوتن لە دانوستانەکانی نێوان ئەمریكا و ئێران بەدی هاتوە و لە واژۆکردنی یاداشتێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیکبونەتەوە، ئەوەش وای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردوە ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" لە گەروی هورمز ڕابگرێت.
ئاوێنە: بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی پێگەی ئەكسیۆس كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردوەتەوە، ئەمریکا و ئێران لە واژۆکردنی یاداشتێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیکبونەتەوە و واشنتن بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی چاوەڕێی وەڵامی ئێران دەکات لە 48 کاتژمێری داهاتودا.
ئاماژەی بەوەشكرد، تاران پابەند دەبێت بە ڕاگرتنی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم و لە بەرامبەریشدا واشنتن ملیاران دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد دەکات. هەروەها ڕێککەوتنەکە، هەڵگرتنی ئەو سنوردارکردنانە دەگرێتەوە کە لەلایەن هەردولاوە خراونەتە سەر تێپەڕبون كەشتیەكان بە گەروی هورمزدا.
ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "Truth Social" ڕونیکردەوە کە لەسەر داوای پاکستان و وڵاتانی دیکە بڕیاری ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنی "پڕۆژەی ئازادی" لە گەروی هورمز دراوە، لەگەڵ بەدیهاتنی پێشکەوتنی بەرچاو بەرەو ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ تاران.
ئاماژەی بەوەشکرد کە گەمارۆ دەریاییەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەکە بە شێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە بۆ ڕەخساندنی دەرفەت بە مەبەستی تەواوکردنی دانوستانەکان.
ئۆپەراسیۆنی "ئاراستەکردن"ی کەشتییەکان کە ڕۆژی دوشەممە دەستی پێکردبو، پێکدادانی لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران بەخۆیەوە بینیبو، لەگەڵ هێرشە موشەکییەکانی ئێران، ئەمەش دۆخی ئەمنی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کردبو.
لە هەمان چوارچێوەدا، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاماژەی بەوە کرد کە زۆرێک لە وردەکارییەکانی دەسپێشخەرییەکە هێشتا ناڕونن، بەتایبەت ئەو بەشەی پەیوەندی بە میکانیزمی ئاراستەکردنی کەشتییەکانەوە هەیە بەبێ پاسەوانییەکی ڕاستەوخۆ.