بەگوێرەی سەرچاوەیەک کە سی ئێن ئێن ئاماژەی پێکردووە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئێران وەڵامی خۆی سەبارەت بە پێشنیاری ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بداتەوە، لەڕێگەی نێوەندگرانەوە.
ئاوێنە: ئەم پێشهاتە دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دێت کە ڕایگەیاندبوو ئەمریکا لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا "گفتوگۆیەکی زۆر باشی" لەگەڵ ئێران ئەنجامداوە.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، گفتوگۆکان لەسەر داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ دانوستانی زیاترە.
بەپێی ئەکسیۆس، دانوستانکاران یاداشتێکی یەک لاپەڕەیی دادەڕێژن کە کۆتایی هاتنی شەڕەکە ڕادەگەیەنێت و وادەی ٣٠ ڕۆژە دەدات بۆ داڕشتنی ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی گشتگیرتر .
بەرپرسێکی باڵای کەنداو پشتڕاستی کردەوە کە پێشکەوتن بەرەو ڕێککەوتنێک بەدیهاتووە .
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پێشکەوتنی دانوستانەکان، ئانا کێلی وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە "گفتوگۆکان بەردەوامن".
بەڵام سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، محەمەد باقر قالیباف لە لێدوانێکدا لەسەر ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە دانوستانەکان بڵاودەبنەوە، بەئاژانسی هەواڵی تەسنیمی راگەیاند "ئەو هەواڵانە، هەواڵی ساختەن".
بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەمریکا، کۆشکی سپی بەدوای پێشکەوتنی دیپلۆماسیدا دەگەڕێت پێش وادەی گەشتەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ چین کە سبەینێ هەینی ئەنجامدەردرێت. ئەگەر تا ئەو کاتە ڕێککەوتنێک نەکرابێت، سەرۆکی ئەمریکا سەرلەنوێ بە ئەگەری کردەوەی سەربازیدا دەڕوانێتەوە.