2026-05-12   505     
کەناڵی سی بی ئێس نیوز بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمریکایی ئاگادار ئاشکرای کرد کە پاکستان ڕێگەی داوە فڕۆکە سەربازییەکانی ئێران لە بنکە ئاسمانییەکانی خۆیدا جێگیر بکرێن، ئەمەش هەنگاوێکە کە بەمەبەستی پاراستنیان لەهێرشە ئاسمانییە ئەگەرییەکانی ئەمریکا، سەرەڕای ڕۆڵی گشتیی ئیسلام ئاباد وەک ناوبژیوانێکی دیپلۆماسی لە نێوان ئێران و ئەمریکا.
ئاوێنە: بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، ئێران فڕۆکەی مەدەنیشی ڕەوانەی ئەفغانستانی دراوسێشی کردووە، ئەمەش گوزارشت لە هەوڵێکە بۆ پاراستنی مانەوەی سەروەت و سامانە ئاسمانی و سەربازییەکانی لەگەڵ ئەگەری دووبارە پەرەسەندنی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.
ئەو بەرپرسە ئەمریکیانە کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، ئاماژەیان بەوە کردووە تاران چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی نیساندا ئاگربەستی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، ئەم هەنگاوەی ناوە.
لە نێو ئەو کەلوپەلانەی گواستراونەتەوە، فڕۆکەیەکی سیخوڕی و چاودێری RC-130ی سەر بە هێزی ئاسمانی ئێران بووە، کە وەشانێکی هەواڵگری نوێکراوەی فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی لۆکهید C-130 هێرکۆلیسی ئەمریکایە.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی پاکستان پشتڕاستی کردەوە کە ئەو فڕۆکانە ئێرانیانەی ئێستا لە پاکستاندانو لە ماوەی ئاگربەستدا گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، پەیوەندییان بەهیچ پلانێکی سەربازییەوە نییە.
پاکستان ڕاپۆرتەکەی سی بی ئێس نیوزی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو فڕۆکە ئێرانیانەی گەیشتوونەتە بنکەی ئاسمانی نورخان بۆ ئاسانکاری لەهاتوچۆی دیپلۆماتکاران لەوێ بوون و بۆ ماوەیەکی کاتی لەبنکەکەدا ماونەتەوە.