بەرپرسێکی باڵای پنتاگۆن ڕایگەیاند، شەڕی ئەمریکا لەگەڵ ئێران تائێستا ٢٩ ملیار دۆلار تێچووی هەبووە.
ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریکاوە (پنتاگۆن) ئاشکرایکرد، شەڕی ئەمریکا لەگەڵ ئێران تائێستا ٢٩ ملیار دۆلار تێچووی هەبووە. لەکاتێکدا لە ٢٩ی نیسان ڕایگەیاندبوو کە تێچووی شەڕ تا ئەو کاتە ٢٥ ملیار دۆلار بووە.
هاوکات جوڵز هێرست بەرپرسی ژمێریاریی پێنتاگۆن کە بە شێوەیەکی کاتی ئەرکی وردبینی باڵا بەڕێوە دەبات، ڕۆژی سێشەممە بە یاسادانەرانی وتووە کە خەمڵاندنە نوێیەکە تێچووی نوێکراوەی چاککردنەوە و گۆڕینی کەرەستەکان و هەروەها تێچووی ئۆپەراسیۆنەکانیش لەخۆ دەگرێت.
ئەو وتوشتیەتی "تیمی ئەرکانی هاوبەش و تیمی وردبینی بە بەردەوامی پێداچوونەوە بەم خەمڵاندنەدا دەکەن".
ئەوەیش لە کاتێکدا، تەنها شەش مانگ بۆ هەڵبژاردنە ناوەڕاستەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا ماوە، دیموکراتەکان لە ڕاپرسییە گشتییەکاندا پێگەیەکی باشتریان بەدەستهێناوە و هەوڵدەدەن ئەم شەڕە بە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە تێچووی ژیانەوە ببەستنەوە.