وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، ئەمڕۆ چوارشەممە، کوژرانی ٨ کەسی لە ئاکامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا ڕاگەیاند کە ٣ ئۆتۆمبێلیان لە دووریی نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر لە باشووری بەیرووتی پایتەختەوە کردە ئامانج، لەکاتێکدا حزبوڵڵا ئەنجامدانی چەند ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازی و سەربازانی سوپای ئیسرائیل ڕاگەیاند.
ئاوێنە: ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی فریاکەوتنی تەندروستی سەر بە وەزارەتەکە ڕایگەیاند: "ئەو سێ هێرشە ئاسمانییەی دوژمنی ئیسرائیل کردییە سەر ڕێگای کەناراوەکانی سەیدا لە ناوچەکانی بڕجا، جییە و سەعدیات، بووەتە هۆی شەهیدبوونی ٨ کەس، کە دووانیان منداڵن".
بەپێی ئاژانسی نیشتمانیی ڕاگەیاندن لە لوبنان، دوو هێرشیان کراونەتە سەر دوو ئۆتۆمبێل لەسەر ئەو ڕێگا خێرایە قەرەباڵغەی کە پایتەخت بە باشووری وڵاتەوە دەبەستێتەوە، لەکاتێکدا هێرشی سێیەم ئۆتۆمبێلێکی لەسەر ڕێگایەکی تەنیشت ئەو ڕێگایە کردووەتە ئامانج.
هێرشەکانی ئیسرائیل
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش، ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانی کردە سەر ناوچەکانی باشووری لوبنان، یەکێکیان لە ڕێگەی درۆنێکەوە شارۆچکەی زبیدینی کردە ئامانج، لە کاتێکدا دوو هێرشی دیکە شارۆچکەکانی مەنسووری و سریفای لە قەزای سووڕ گرتەوە، ئەمەش بەپێی ئەوەی پەیامنێری جەزیرە ڕایگەیاندووە.
هەروەها پەیامنێرەکە ڕایگەیاند کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل شارۆچکەکانی حنیە، قلیلة، کەفرا و یاتڕیان لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج.
بەپێی گوتەی پەیامنێری جەزیرە، درۆنێکی ئیسرائیلی ئۆتۆمبێلێکی لەسەر ڕێگای کەناراوەکانی جییە لە باشووری بەیرووتی پایتەخت کردووەتە ئامانج.
لە لای خۆیەوە، سوپای ئیسرائیل ئاراستەکردنی هۆشدارییەکی بۆ دانیشتووانی شارۆچکەکانی مەعشووق، یانووح، بوردج شیمالی، حەلوسییەی فەوقا، دەبعال و عەباسییە لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند.
هەروەها سوپا ڕایگەیاند کە بەرپەرچی ئامانجێکی ئاسمانی داوەتەوە کە بە "دوژمنکارانە" وەسفی کردووە و هێزەکانیانی لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج، ئاماژەی بەوەشکرد کە حزبوڵڵا لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا چەندین مووشەکی هەڵداوە و لە نزیک هێزەکانیان لە ناوچەکە کەوتوونەتە خوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی تۆمار بکرێت.
بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل
لە بەرەبەیاندا، حزبوڵڵا بەئامانجگرتنی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازی و هێزێکی ئیسرائیلی بە مووشەک و گوللە تۆپ لە نێوان شارۆچکەکانی بەیادە و بویوت ئەلسیاد لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند، هەروەها ڕایگەیاند کە تانکێکی مێرکاڤای لە ناوچەی ئەسکەندەروونە لە ڕێگەی درۆنێکی هێرشبەرەوە بۆردومان کردووە.
حزبەکە لە ڕێگەی درۆنێکی هێرشبەرەوە ئۆتۆمبێلێکی ئەندازیاریی سەربازیی ئیسرائیلی لە شارۆچکەی تەیڕحەرفا کردە ئامانج، هەروەها ئامێرێکی پەکخستنی شەپۆلەکانی ئیسرائیلی لە پێگەی عیباد لەسەر سنوورەکانی باشووری لوبنان بۆردومان کرد.
دوێنێ سێشەممە، حزبوڵڵا ئەنجامدانی ٢٢ هێرشی بۆ سەر هێز و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکارییەکانی ئاگربەست.
ئەمە لە بەیاننامە جیاوازەکاندا هات کە تێیدا حزبەکە ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بۆ "بەرگریکردنە لە لوبنان و گەلەکەی، وە وەک وەڵامێکە بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن دوژمنی ئیسرائیلەوە و هێرشەکانیان بۆ سەر گوندەکانی باشووری لوبنان، کە بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی خەڵکی مەدەنی".
سەرەڕای جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە ١٧ی نیسانی ڕابردووەوە، و پاشان درێژکردنەوەی دوای ئەو دانوستانە ڕاستەوخۆیانەی کە باڵیۆزانی لوبنان و ئیسرائیلی لە واشنتۆن کۆکردەوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان، بەتایبەتی لە باشوور، کە دەبێتە هۆی کوژران و برینداربوونی خەڵک.
سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە چوونە ناوەوەی بۆ باشووری لوبنان و ئەنجامدانی پرۆسەکانی تەقاندنەوە و وێرانکردنی سیستماتیکی ماڵ و باڵەخانەکان و ئاوارەکردنی زۆرەملێی دانیشتووان لە دەیان گوند، بە بیانووی بەئامانجگرتنی ئەوەی بە "ژێرخانی سەربازی و چەکدارانی حزبوڵڵا" وەسفی دەکات، کە لە سەرەتای هێرشەکانەوە لە ٢ی ئاداری ڕابردووەوە بووەتە هۆی کوژرانی ٢٨٨٢ کەس و برینداربوونی ٨٧٦٨ کەسی دیکە.