دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کوشتنی ئەبو بیلال ئەلمێنۆکی، دووەم فەرماندەیی داعشی لەسەرانسەری جیهان ڕاگەیاند.
ئاوێنە: ترەمپ لە پۆستێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیال) نووسیویەتی، "ئەمشەو، بەفەرمانی من، هێزە چەکدارە بوێرەکانی ئەمریکا و نەیجیریامان بە سەرکەوتوویی ئەرکێکی زۆر ئاڵۆز و بە وردی پلانی بۆ داڕێژراو بۆ نەهێشتنی مەترسیدارترین تیرۆریستی جیهان راسپارد".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەبو بیلال ئەلمەنوکی، دووەم فەرماندەیی داعش لەسەر ئاستی جیهان، پێیوابوو دەتوانێت لە ئەفریقا خۆی بشارێتەوە، بەڵام نەیدەزانی سەرچاوەمان هەیە کە ئاگادارمان دەکەنەوە لەجموجۆڵەکانی".
دەشنووسێت "ئەلمێنۆکی چیتر خەڵکی ئەفریقا تیرۆر ناکات، هەروەها ناتوانێت یارمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان بدات".
ترەمپ لە کۆتایی پۆستەکەیدا نووسیویەتی "بەنەهێشتنی ئەم تیرۆریستە، ئۆپەراسیۆنە جیهانییەکانی داعش بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە. سوپاس بۆ حکومەتی نەیجیریا بۆ هاوبەشیکردنیان لەم ئۆپەراسیۆنەدا".