بەگوێرەی راپۆرتێکی نیویۆرک تایمز، ئەمریکا نیگەرانییەکانی زیایکردووە بەهۆی بەکارهێنانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق وەک جێگرەوەیەک بۆ “سوپای پاسداران” بۆ ئەنجامدانی هێرشی نێودەوڵەتی.
ئاوێنە: ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەمیانی ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد "دەستگیرکردنی محەمەد سەعدی لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە سەلماندی، کە ئێران دەستیکردووە بە بەکارهێنانی ئەو گرووپانەی پەیوەندییان نزیکە لێی لە عێراق، بۆ پلاندانان و ئەنجامدانی هێرشە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکان کە ڕاستەوخۆ ڕۆژئاوا دەکەنە ئامانج".
رۆژنامەکە راشیگەیاندووە "پێشتر سوپای پاسدارانی ئێران هەوڵی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی و تیرۆری لەناوخۆی ئەمریکادا داوە".
بەگوێرەی نیویۆرک تایمز، پلانەکان بە ئامانجگرتنی دۆناڵد ترەمپ و تیرۆرکردنی مەسیح عەلی نەژاد، ڕەخنەگری ئێرانی کە دژایەتی ئەو ڕژێمە دەکات؛ لەخۆگرتبوو.
ئاماژە بەوەشدراوە، سوپای پاسداران مەودای کارەکانی فراوانتر کردووە بۆ ئەوەی کەڵک لەو لایەنانە وەربگرێت کە پەیوەستن بە ڕژێمەکەیەوە لە عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرش لە دەرەوەی وڵات.
لایخۆیەوە ئارۆن زێلین، پسپۆڕی ئینستیتیوتی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک بە ڕۆژنامەکەی وتووە "ئەم هەنگاوە زۆر مەترسیدارە، چونکە ئاماژەیە بۆ گۆڕینی ستراتیژی ئێران بەرەو بەکارهێنانی زیاتری ئەو ناوچەیەی کە پێی دەوترێت بەرەی بەرگریی (مقاومە) و تێوەگلانی لە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان لە ڕۆژئاوا".
رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، سێ بەرپرسی عێراقی بۆیان پشتڕاستکردووەتەوە، سەعدی سەرەڕای پەیوەندییەکانی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی ناوخۆی عێراق و لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی، هیچ پەیوەندییەکی بە کەتائیبی حزبوڵای عێراقەوە نییە.
"تائێستا حزبوڵای عێراق هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە لەسەر دەستگیرکردنی سەعدی، ئایا گرووپەکە پشتگیری لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات یان نا". نیویۆرک تایمز وا بڵاویکردووەتەوە.
جێگەی ئاماژەیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا محەمەد باقر سەعدی سەرکردەی یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەلایەن ئێف بی ئای (FBIـی ئەمریکاوە دەستگیر کرا و لە تورکیاوە گواسترایەوە بۆ ئەمریکا، بڕیاریشە مانگی داهاتوو یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی سەعدی ئەنجام بدرێت.