وەزارەتی بەرگری ئیمارات ڕایگەیاند، ئەو درۆنانەی کە دوو ڕۆژ لەمەوپێش ئاراستەی وێستگەی ئەتۆمیی وڵاتەکە کران، لە عێراقەوە هاتبوون.
ئاوێنە: وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان دەربارەی هێرشی ئاشکرا بۆسەر وێستگەی ئەتۆمیی "بەراکە" لە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٦، ڕێگری و چاودێریی تەکنیکی پشتڕاستی کردەوە کە هەرسێ درۆنەکە سەرچاوەکەیان لە خاکی عێراقەوە بووە".
ئەم وەزارەتە هێمای بۆ ئەوەشکردووە، بەرپرسان لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ڕێگریان لە شەش درۆنی تر کردووە کە لە عێراقەوە هاتبوون و "هەوڵیان دابوو ناوچە مەدەنی و هەستیارەکان بکەنە ئامانج".
بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری ئیمارات لەکاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ئەم مانگە درۆنێک کە بەرپرسیارێتی تەقاندنی لە ئەستۆ نەگیراوە، بەر مۆلیدەیەکی کارەبا لە نزیک وێستگەی ئەتۆمیی 'بەراکە' لە ئەبوزەبی کەوت و بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە، بەڵام هیچ بریندار یان دزەکردنی تیشکی (ئەتۆمی) لێنەکەوتەوە. دوو درۆنی تریش ڕێگرییان لێکرا.
جێی ئاماژەیە، بەرپرسانی عێراقی پێش ئەوەی ئەبوزەبی سەرچاوەی درۆنەکان ڕابگەیەنێت، هێرشەکەیان بۆسەر وێستگەی بەراکە سەرکۆنە کردبوو. هاوکات سعودییەش لە هەمان ڕۆژدا ڕایگەیاند، کە ڕێگریان کردووە لە سێ درۆن و تێکیان شکاندون.