ماركۆ روبیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی چاوه‌ڕێی ئه‌نجامی ئه‌و گفتوگۆیانه‌یه كه له تاران له ئارادان، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی، جارێكی دیكه عه‌باس عراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ موحسین نه‌قوی، وه‌زیری ناوخۆی پاكستان له تاران كۆبوه‌وه.
ئاوێنه: ماركۆ روبیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه له سویده بۆ به‌شداریكردن له كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام له ناتۆ، وتی، واشنتۆن چاوه‌ڕێی بیستنی ئه‌نجامی ئه‌و گفتوگۆیانه كه له تاران له ئارادان.
وتیشی، "هه‌ندێك به‌ره‌وپێشچونی بچوك له دانوستانه‌كاندا هه‌یه.. نامه‌وێت زیاده‌ڕۆیی بكه‌م، به‌ڵام كه‌مێك گۆڕانكاریی له دۆخه‌كه‌دا هه‌بوه‌و ئه‌مه‌ش شتێكی باشه."
به‌پێی میدیاكانی ئێران كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی نێوان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان و وه‌زیری ناوخۆی پاكستان بۆ تاوتوێكردنی چه‌ند پێشنیارێك له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان تاران و واشنتۆن.
روبیۆ جه‌ختی كرده‌وه، مه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كانیان تاوه‌كو ئێستا وه‌كو خۆیانن كه ئێران هه‌ر نابێت چه‌كی ئه‌تۆمی هه‌بێت و بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌ش، ئێمه ده‌بێت له دانوستانه‌كاندا باسی پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم بكه‌ین و پێویسته باس له‌و یۆرانیۆمه بكه‌ین كه به رێژه‌یه‌كی ئاست به‌رز پیتێندراوه.
ئێران به‌رده‌م جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه له‌ئێستادا دانوستان له‌باره‌ی پرسی ئه‌تۆمی ناكه‌ن و ئه‌و پرسه دواده‌خه‌ن بۆ دوای رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئاشتی.
روبیۆ وتیشی، له‌پاڵ پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمدا، پرسی گه‌روی هورمزیش یه‌كێكه ته‌وه‌ره‌كانی دانوستان و ئێران هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات سیستمێكی باج سه‌ندن دابنێت و ئه‌مه‌ش ناكرێت روبدات، ئه‌گه‌ر بڕیار بێت ئه‌م كاره له گه‌روی هورمز بكرێت، ئه‌وا له پێنج شوێنی دیكه‌ش له سه‌رتاسه‌ری جیهان ده‌كرێت.