شەپۆلی لافاو، کە ناوچەیەکی بەرفراوانی لە کەناری ڕووباری فورات لە پارێزگاکانی ڕەقە و دێرەزوور گرتووەتەوە، توڕەیی و ڕەخنەی توندی بەرامبەر تورکیا لێکەوتەوە، چونکە چەندین مانگ ئاوی بەرنەدایەوە، بەڵام لەناکاو ڕێژەیەکی زۆری ئاوی بەردایەوە، بووە هۆی ژێرئاوکەوتنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و ماڵەکانی سەر ڕووبارەکە.
ئاوێنە: ڕۆژنامەنووس سامان نەوا لە پۆستێکدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دەڵێت: تورکیا ساڵانێکە لە ئەنجامی سیاسەتی بڕینی ئاوی فورات زیانی گەورەی بە سووریا گەیاندووە، ئەو سیاسەتانە بەشدارییان کردووە لە ماندووکردنی کەرتی کشتوکاڵ و گەورەکردنی ئازارەکانی جووتیاراندا، بەتایبەتی لە چوارچێوەی دووبارەبوونەوەی شەپۆلی وشکەساڵیدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنقەرە تەنانەت پابەند نەبووە بە بەڵێنەکانی سەبارەت بە ڕێژەی دەردانی ئاو لە کاتی قەیرانی مرۆییدا، ئەو بڕەی کە گەیشتووەتە خاکی سووریا زۆر کەمترە لە بەڵێنەکان.
ڕوونیشی کردەوە، دەسەڵاتدارانی تورکیا، دوای ئەوەی بەنداوەکانیان پڕبوون لە ئاو، بە یەکجار دەرگای بەنداوەکانیان کردەوە بەبێ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر، ئەمەش بووە هۆی لەناوبردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و ماڵەکانی نزیک ڕووبارەکە لە هەردوو شاری ڕەقە و دێرەزوور، هەروەها زیانی دارایی بەرچاوی بۆ جووتیاران و دانیشتووان گەیاندووە.
جەختی لەوەشکردەوە، ئەم هەنگاوە جارێکی دیکە خەونی هەزاران جووتیاریان لەناوبرد، کە ئومێدیان بۆ وەرزی کشتوکاڵی ئێستا هەبوو، لە کاتێکدا ناوچەکە بارودۆخی ئابووری و ژیانی سەختی بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەی لەوە گرت، لێدوانە فەرمییەکانی سووریا هەوڵدەدەن بەرپرسیارێتیی ئەنقەرە کەمبکەنەوە و ئەوەی ڕوویدا بە لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵی خۆی یان دەرئەنجامی بارودۆخی سروشتی بزانن.