پرسی تێکەڵبوونی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) بە سوپای سوریا بووەتە یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق. لە کاتێکدا دیمەشق دەیەوێت یەپەژە بخاتە سەر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، سەرکردایەتی ئەو هێزە سوورە لەسەر ئەوەی وەک هێزێکی سەربازی فەرمی بچێتە ناو سوپای سوریاوە بێ ئەوەی پێکهاتەکەی هەڵبوەشێتەوە.
ئاوێنە: لە ١ی نیسانی ئەمساڵدا، شاندێکی باڵای یەپەژە بە سەرۆکایەتی (ڕۆهلات عەفرین) فەرماندەی گشتی، لەگەڵ (مورهەف ئەبو قەسرە) وەزیری بەرگری سوریا لە دیمەشق کۆبوونەوە. سەبارەت بەم کۆبوونەوەیە، خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکییەکە بریتی بوون لە:
پێشنیاری دیمەشق: وەزیری بەرگری داوای کردووە یەپەژە بچێتە ناو ڕیزەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە و کاری سەربازیی بەرەیی نەکات.
هەڵوێستی یەپەژە: شاندەکەی یەپەژە داواکارییەکەیان ڕەتکردووەتەوە و جەختیان کردووەتەوە کە هێزەکەیان خاوەنی ئەزموونێکی گەورەی شەڕ و پاراستنە. ئەوان دەیانەوێت وەک بەشێکی فەرمی و بە پاراستنی ناسنامەی خۆیانەوە ببنە بەشێک لە سیستمی بەرگریی سوریا و نایانەوێت لەناو دامەزراوەکانی دیکەدا بتوێنرێنەوە.
قۆناغەکانی تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپا
بەپێی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی ڕابردوو، پرۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە سوپای سوریا بەردەوامە و تا ئێستا ئەم هەنگاوانە نراون:
پێکهێنانی چوار لیوای هەسەدە و خستنەسەری بۆ سەر فیرقەی ٦٠ی سوپای سوریا.
ئەم لیوایانە بڕیارە لە ناوچەکانی (کۆبانێ، حەسەکە، قامیشلۆ و دێرک) جێگیر بکرێن.
بەهۆی سیستمی دیاریکراوی ژمارەی سەربازان لە لیواکانی سوپای سوریادا (کە لە نێوان ١٣٠٠ بۆ ٢٠٠٠ سەربازدایە)، تێکەڵکردنی تەواوەتی شەڕڤانانی هەسەدە کاتی زیاتری دەوێت و گفتوگۆکانیش بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامن.
پشتیوانییە جەماوەرییەکان لە ڕۆژئاوا
لە بەرامبەر هەڵوێستی سوپای سوریا کە بەهۆی پێکهاتەی ئایدیۆلۆژی و مەزهەبییەوە ڕێگری لە بەشداربوونی هێزی ژنان دەکات، شەقامەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پشتیوانی لە یەپەژە جووڵەیان تێکەوتووە:
لە ٢٦ی نیسانەوە، کەمپینێکی بەرفراوان لەلایەن ڕێکخراوەکانی ژنانەوە بۆ پشتیوانی لە چوونە ناوەوەی یەپەژە بۆ ناو وەزارەتی بەرگری ڕاگەیەندراوە.
چەندین خۆپیشاندان، سیمینار و چالاکی جەماوەری بە بەشداریی سەرجەم چین و توێژەکان بۆ پاڵپشتیکردن لە داواکارییەکانی یەپەژە بەڕێوەچووە.
ئەنجامی دانوستانەکانی داهاتوو چارەنووسی هەزاران شەڕڤانی ژن یەکلایی دەکاتەوە کە ئایا بە چ مەرجێک شوێنی خۆیان لە ناو سوپای فەرمیی سوریادا دەگرن.