میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە دەنگی تەقینەوە لە ئیسلامشار، مەلارد، کەهریزەک، باقرشار، ئەسفەهان و کرماشان بیستراوە.
ئاوێنە: دوای هێرشە موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک دژی هێرشەکانی ئەو وڵاتە بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنان، ئیسرائیلیش چەند ناوچەیەکی لە ناو ئێران کردە ئامانج.
میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی مێهرئاباد لە تاران تا کاتێکی نادیار هەڵوەشێندراونەتەوە. هەروەها هەواڵی وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی شیرازیشیان تا کاتژمێر ٨ی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە (١٨ی جۆزەردان) بڵاوکردووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە کۆمەڵگەی پترۆکیمیایی لە بەندەری ماهشەهر کردووەتە ئامانج. لە بەرامبەردا، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە لە وەڵامی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر پترۆکیمیای ماهشەهر، "پیشەسازییە هاوشێوەکانی" لە حەیفا بە موشەک کردووەتە ئامانج.
ئەمڕۆ کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین ناتانیاهۆ کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی کابینەکە بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێرانی لێکەوتبووەوە، وەک کاردانەوەیەک بۆ هێرشەکانی پێشووی ئێران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، شەوی ڕابردوو دوای هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە تۆڕی "فۆکس نیوز"ی ڕاگەیاند: "ئەو پێشنیارەی بۆ ئێرانم هەیە ئەوەیە: موشەکەکانتان تەقاند، هەر ئەوەندە بەسە... بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێککەوتن بکەن."
پێشتریش پێگەی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئیسرائیلیی ئاگادار لە وردەکارییەکانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و ناتانیاهۆ بڵاویکردبووەوە، کە سەرۆکی ئەمریکا داوای لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە وەڵامی هێرشە موشەکییەکەی ئێران نەداتەوە.