سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل هۆشدارییان دا لە پەرەسەندنی بێهیوایی لەناو دامەزراوەی سەربازی و هەواڵگریدا، بەهۆی ئەوەی کە بە لاوازیی ئاستی سیاسی لە وەرگێڕانی ئەو گورزە قورسانەی بەر حزبوڵڵا کەوتوون بۆ دەستکەوتێکی سیاسیی جۆری وەسفیان کردووە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ چاوەڕوانیی ڕێککەوتنێکی نزیک لەگەڵ ئێران و بەردەوامیی ناسەقامگیریی دۆخی لوبنان.
ئاوێنە: بەپێی خەمڵاندنە ئەمنییەکان، دەزگا ئەمنییەکان -لە نێویاندا سوپای ئیسرائیل و هەردوو دەزگای شاباک و مۆساد- تەواوی تواناکانی خۆیان بەکارخستووە، و ئاستێکی باڵاتریان لە پێویست پێشکەش کردووە لە گۆڕەپانە جیاوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە، هەر لە غەززە و کەناری ڕۆژئاواوە تا دەگاتە لوبنان و سووریا و یەمەن، و تا دەگاتە ئێران.
سەرەڕای ئەوەش، هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرکردایەتیی سیاسی لەسەر ئاستی ستراتیژی لە قۆستنەوەی سەربازییانەی ئەم دەستکەوتانەدا شکستی هێناوە، لە ناوەڕاستی تۆمەتبارکردنیاندا بە ئیفلیجی و لەدەستدانی توانای دەرکردنی بڕیاری یەکلاکەرەوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان دۆسیەی لوبنان دەخەنە پێشەنگی ئەوەی کە وەک شکستێکی سیاسیی بەرچاو دەیبینن، چونکە ئاماژە بەوە دەکەن حزبوڵڵا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە کە گەیشتووەتە ژێرخانی سەرکردایەتی و سەربازییەکەی، لەگەڵ کوژران و برینداربوونی هەزاران کەس، شانبەشانی قەیرانی دارایی و پاشەکشەی کۆنتڕۆڵی مەیدانی لە باشووری وڵاتەکە، سەرباری کەمبوونەوەی ئاستی پشتیوانیی جەماوەری لە ناوخۆدا و زیادبوونی فشارەکانی سەر ئەو حزبە لەلایەن سووریاوە.
لە بەرامبەردا، حکومەتی لوبنان -بەپێی هەمان خەمڵاندن- ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە لە ڕێڕەوی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بەرەوپێش بچێت، لە سایەی سنوورداریی ناکۆکییە بنەڕەتییەکاندا، کە ئەمەش دەرفەتی ئەوەی دەڕەخساند لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە ڕێککەوتن.
بەڵام ئەدای سیاسیی ئیسرائیل لەم ڕێڕەوەدا بە شڵەژاو وەسف کرا، لەبری ئەوەی شاندی دانوستانکاری ئیسرائیل لەلایەن سەرۆکوەزیران بنیامین ناتانیاهۆ، یان وەزیری دەرەوە گدعۆن ساعەر، یان هەر یەکێک لە وەزیرە دیارەکانەوە سەرۆکایەتی بکرێت، حکومەت باڵیۆزی خۆی لە واشنتۆن و ئەفسەرێکی بە پلەی عەمید بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەکان نارد، ئەمەش لەلایەن سەرچاوە ئەمنییەکانەوە وەک پەیامێکی نەرێنی دانرا کە لە جددیەتی ئیسرائیل کەمدەکاتەوە و پێگەی دانوستانەکانی لە ناوچەکەدا لاواز دەکات.
ئەم ناوەندانە پێیان وایە کە نەبوونی ئامادەیی سیاسیی باڵا لە دانوستانەکاندا تەنها نەبووەتە هۆی بەفیڕۆدانی دەرفەتەکە، بەڵکو بواری بۆ ئێران ڕەخساندووە تا لە ڕێگەی کەناڵەکانییەوە لەگەڵ ئەمریکا ڕۆڵی خۆی بەهێزتر بکات، بە شێوەیەک کە هاوسەنگییەکان لە گۆڕەپانی لوبناندا دووبارە دابڕێژێتەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل نەکات.
گرەوێکی هەڵە و گۆشەگیریی سیاسی
لە هەمان کاتدا، سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد کە پێشتر لەناو دامەزراوەی ئەمنیدا تێبینی و ناڕەزایەتی هەبووە سەبارەت بەو پشتگرێدانە زۆرەی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دەکرا، و هۆشدارییان دابوو لە ناجێگیریی هەڵوێستەکانی و ئەگەری گۆڕانی کتوپڕی سیاسەتەکانی.
بەپێی ئەم خەمڵاندنانە، ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران گوێی بەم هۆشدارییانە نەداوە، کە ئەمەش تێکچوونێک لە هەڵسەنگاندنی مەترسییە سیاسییەکاندا نیشان دەدات.
هەروەها ئاماژەیان بە بوونی کاریگەرییەکان لەناو ئیدارەی ئەمریکادا کردووە کە ڕەنگە لەگەڵ ئاراستەکانی ئیسرائیلدا یەک نەگرنەوە، لەگەڵ ئەوەی هەندێک لە بەرپرسان گومانیان لە ئاستی ئاگاداریی ترەمپ هەیە سەبارەت بە وردەکاریی لێکتێگەیشتنە پێشنیازکراوەکان.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیلی بە ڕۆژنامەی "مەعاریڤ"ی ڕاگەیاند: "گومان لەوەدا نییە کە لایەنێک هەیە لەناو کۆشکی سپیدا کاریگەرییان لەسەر بەڕێوەچوونی کارەکان هەیە. ئەگەر لە من بپرسیت، من زۆر گومانم هەیە کە سەرۆک ترەمپ وردەکارییە ڕاستەقینەکانی ڕێککەوتنەکە بزانێت، چونکە دوێنێ ئاهەنگی یادی هەشتا ساڵەی لەدایکبوونی دەگێڕا، و کێ دەزانێت ئایا بڕگەکانی ڕێککەوتنەکەی بینیوە یان مێشکی لە شوێنێکی تر بووە".
لەو نێوەندەدا، سەرچاوە ئاگادارەکان باس لە زیادبوونی گۆشەگیریی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران دەکەن لەناو ناوەندەکانی دروستکردنی بڕیاردا، پاش ڕۆیشتنی دوایین کەس کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پشتی پێدەبەست، ئەویش سکرتێری سەربازی لیوا رۆمان گۆفمان بوو، کە کرایە سەرۆکی مۆساد، سەرباری چەند کەسایەتییەکی تەوەریی تر کە ڕۆڵی ڕاوێژکاریی کاریگەریان هەبوو، کە ئەمەش ڕەنگە توانای ئەو بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیە ئاڵۆزەکان لەم قۆناغە هەستیارەدا لاواز بکات.
لە ڕووی مەیدانییەوە، هەڵسەنگاندنە سەربازییەکان ئاماژە بە سەپاندنی کۆتوبەندی ئۆپەراسیۆنی دەکەن بەسەر چالاکیی سوپای ئیسرائیل لە بەیروت و ناوچە دیاریکراوەکانی ناو لوبنان، لە کاتێکدا تەلئەبیب جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆی بە مافی وەڵامدانەوە و بەرگریکردن لە سەروەریی خۆی دەکاتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا، دامەزراوەی سەربازی خۆی بۆ ئەگەری پەنابردنی حزبوڵڵا بۆ شێوازی شەڕی پارتیزانی ئامادە دەکات، ئەویش لە ڕێگەی چڕکردنەوەی بەکارهێنانی بۆمبی چێندراو لە ناوچەکانی جێگیربوونی هێزەکانی ئیسرائیلدا، لەگەڵ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە مووشەکی دژە زرێپۆش و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە قۆناغی یەکەمدا.
ئەم خەمڵاندنانە پێیان وایە کە ئامانج لەم تاکتیکە گەیاندنی زیانی گیانییە بە هێزەکانی ئیسرائیل بەبێ پەرەسەندنێکی بەرفراوان، بە شێوەیەک کە فشاری ناوخۆیی لەسەر حکومەتی ئیسرائیل زیاتر بکات و توانای کەم بکاتەوە بۆ وەڵامدانەوەی سەربازیی بەرفراوان لەژێر سێبەری شەرعیەتی نێودەوڵەتیدا.
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی ڕۆژنامەی "مەعاریڤ"، دامەزراوەی ئەمنی چاوەڕێی دەرەنجامەکانی ڕێککەوتنی چاوەڕوانکراو دەکات، کە پێدەچێت ڕێکارە مەیدانییەکان لەخۆبگرێت کە ڕێگە بە سوپای ئیسرائیل بدات لە سنووری هێڵی زەرد لە ناو خاکی لوبناندا بمێنێتەوە بۆ پیادەکردنی ئەوەی پێی دەوترێت "بەرگریی پێشەکی"، لەگەڵ بەردەوامبوون لە هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی سەربازیی حزبوڵڵا.
هەروەها ترسی خۆی دەربڕی لە فشارە ئەگەرییەکانی ئیدارەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی کشانەوەی ئیسرائیل لە ماوەیەکی دیاریکراودا، لە ناوەڕاستی گومانەکاندا سەبارەت بە توانای سەرکردایەتیی سیاسی بۆ بەرگەگرتنی ئەم فشارانە یان هەموارکردنەوەی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێراندا بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ئەمنییەکان بکات.
بانگەواز بۆ گۆڕینی ڕێڕەوەکە
لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ئاڵەنگارییانە و بۆ دەرچوون لەم بنبەستە سیاسییە، بەرپرسە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێویستیی گرتنەبەری ئەم هەنگاوانەی خوارەوە دەبینن:
- دروستکردنی گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی سیاسیدا، لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتی لە دانوستانەکاندا، بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی سەرۆکوەزیران و وەزیرە سیادییەکان بێت نەک فەرمانبەرانی پلە نزم.
- هەوڵدان بۆ ڕێککەوتنێکی ستراتیژیی گشتگیر کە بەرژەوەندییە ژیانییەکانی ئیسرائیل مسۆگەر بکات.
- قۆستنەوەی پاڵنەرە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژە ئابوورییە گەورەکان، و لە پێشەنگیاندا هێڵەکانی بۆری غاز و گواستنەوەی وزە لە کەنداوی عەرەبییەوە بۆ دەریای ناوەڕاست لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە.
- فراوانکردنی بازنەی ڕێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان (تەطبیع) بۆ ئەوەی وڵاتانی تری کەنداو بگرێتەوە، وەک بەشێک لە نزیکبوونەوەیەکی گشتگیر بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئێستا.