لە شەشەمین خولی پاڵەوانێتی کراوەی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی قورسایی لەسەر ئاستی ژنان کە لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، کچە وەرزشوانی ئێزدی، جیلان جارۆ کرێت، پلەی یەکەم و مەدالیای زێڕی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا.
ئاوێنە: جیلان جارۆ، کە خەڵکی شارۆچکەی شێخانە لە سنووری پارێزگای دهۆک، لە میانەی کێبڕکێیەکەدا توانی کێشی ٢٤٠ کیلۆگرام بەرز بکاتەوە و پێشەنگی ڕیزبەندییەکە بگرێت.
لەم پاڵەوانێتییەدا، ئەو کچە وەرزشوانە ڕکابەری زیاتر لە ٢٠ یاریزانی دیکەی کرد کە لە شار و ناوچە جیاوازەکانی عێراقەوە بەشدارییان تێدا کردبوو. بە تۆمارکردنی ئەم ئەنجامەش، جیلان بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک نازناوی پاڵەوانی عێراقی لە وەرزشی بەرزکردنەوەی قورسایی لەسەر ئاستی ژنان بۆ خۆی پاراست.
لەسەر ئاستی ناوەندە وەرزشییەکان، تۆمارکردنی ئەم ئەنجامە و بەرزکردنەوەی ئەو قورساییە لەلایەن جیلان جارۆوە، وەک پێشکەوتن و هەنگاوێکی گرنگی ژنانی کورد بەگشتی و پێکهاتەی ئێزدی بەتایبەتی لە کایەی وەرزشیدا هەژمار دەکرێت، کە توانست و لێهاتوویی ژنان لەو بوارەدا نیشان دەدات.
