كاروان گه‌زنه‌یی، وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند، حزبه‌كه‌یان جه‌خت له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تێكی 50 به 50 له هه‌رێم ده‌كاته‌وه. ده‌شڵێت، لەسەرەتای مانگی داهاتوەوە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ نەوەی نوێ ئیمزا دەکەین.
ئاوێنه: كاروان گه‌زنه‌یی، وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه، له‌دوای كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی، نیگەرانی قوڵی خۆمان دەردەبڕین لەدواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی هه‌رێم، لەكاتێكدا یەكێتی هەرگیز شەڕی لەسەر پلەو پۆست نەكردوە، بەڵكو مكوڕ بوە لەسەر ئەوەی بنەماكانی سازان و شەراكەتی راستەقینە لەكابینەی دەیەمدا بچەسپێنێت.
وتیشی، یەكێتی دەیەوێت كابینەی نوێ كابینەیەكی خزمەتگوزار بێت و جیاوازی لەنێوان سلێمانی و هەولێر و كەلار و سۆران و ناوچەكانی دیكەدا نەكات و بەیەك چاو سەیری سەرجەم هاووڵاتیانی كوردستان بكات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خوازیارە هاوبەشی ستراتیژیی هەبێت لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، كۆماری ئیسلامی ئێران، توركیا، وڵاتانی كەنداو، ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە بەڵێنەكانی هەڵبژاردن لەبیر بكەین، بەڵكو تەئكید لەپێكهێنانی حكومەتێكی 50 بە 50 دەكەینەوە.
وتیشی، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردن دوو بەڵێنی بنەڕەتیی داوە، ئەویش دروستكردنەوەی باڵانسی هێز و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانییە لەكابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە ئەمەش نەك تەنها بۆ یەكێتی، بەڵكو بۆ تەواوی هێزە سیاسییەكانی عیراق و هەرێم و هاووڵاتیانیش بەرهەمدار دەبێت، بۆیە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە یەكێتی سازش لەسەر خواستەكانی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەت ناكات.
وته‌بێژی یه‌كێتی وتیشی، لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە رێککەوتنەکەمان لەگەڵ نەوەی نوێ ئیمزا دەکەین.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، یەکێتی خوازیارە زوو کابینەی حکومەتی هەرێم لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە پێکبهێنرێت، ئۆباڵی دواکەوتنیشی لە ئەستۆی پارتیدایە.
جه‌ختیشی كرده‌وه، هەتاوەكو باڵی خۆسەپێنی ناو پارتی و ویستی حكومەتی پۆلیسی لە هەرێم وجودی هەبێت حكومەتی هەرێم پێكنایەت.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، دەرگای گفتوگۆمان کراوەیە، نەک لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا بین و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەحمەد نەجم، به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌ناڵ8 دەربچێت.