وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ٣١ـی مانگی ئابی ئەمساڵی وەک دوا مۆڵەت بۆ مووچەخۆرانی وەزارەتەکەی دیاریکرد بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی پڕۆژەی "هەژماری من"، هاوکات هۆشداری دەدات کە تەواونەکردنی ئەم ڕێکارە لەلایەن مووچەخۆرانەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە و ئەگەری ڕاگرتنی مووچەکانیان.
ئاوێنە: ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، مەحمود سەرمۆردی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خستنەڕووی وردەکارییەکانی ئەم بڕیارەی ڕاگەیاند. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لەسەر بنەمای داواکارییەکی وەزارەتی دارایی عێراق و لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە، ڕێنماییان پێگەیشتووە بۆ ئەوەی بەپەلە کارەکانی دروستکردنی کارتی "هەژماری من" و بەبانکیکردنی مووچەکان جێبەجێ بکرێن.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، داوا لەو کەسوکاری شەهیدانە کرا کە تا ئێستا بەشداری پرۆسەکەیان نەکردووە، بە زووترین کات سەردانی ئەو بانکانە بکەن کە پێشتر مووچەیان لێ وەرگرتووە، تاوەکو لە ڕێگەی لیژنە تایبەتمەندەکانەوە فۆڕمەکانیان پڕبکەنەوە. بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتی شەهیدان ڕوونیشیکردەوە، بۆ دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگە، هەر کەسێک فۆڕمەکەی پڕنەکردبێتەوە، هێما (نیشانە) دەخرێتە سەر ناوەکەی لە لیستی مووچەدا، ئەمەش وەک فشارێک و ئاگادارکردنەوەیەک بۆ ئەوەی پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکان پێش کۆتاییهاتنی وادەکە.
سەبارەت بە ئاماری ئەو کەسانەی هێشتا پرۆسەکەیان تەواو نەکردووە، مەحمود سەرمۆردی ئاشکرای کرد؛ لە ئێستادا زیاتر لە ٥ هەزار کەس بە هیچ شێوەیەک فۆڕمی "هەژماری من"ـیان پڕنەکردووەتەوە. لە هەمان کاتدا، نزیکەی ٩ هەزار کەسی دیکە سەرەڕای دەستپێکردنی مامەڵەکانیان، بەڵام تا ئێستا پرۆسەکەیان بە کۆتا نەگەیاندووە و کارتە بانکییەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی "هەژماری من" و بەبانکیکردنی مووچە لە عێراقدا بووەتە ئەمری واقیع، بۆیە لەپێناو دوورکەوتنەوە لە هەر گرفتێکی دارایی و ڕانەگرتنی مووچەکانیان، پێویستە سەرجەم مووچەخۆران پابەندی بڕیارەکە بن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.