ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا ڕاپۆرتێکی لەسەر سەردانی تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرای کردووە کە ناوبراو لە کاتی چاوپێکەوتنەکانیدا لە شاری هەولێر، لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پرسی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی تاوتوێ کردووە، بەتایبەت ئەو دۆسیانەی کە پەیوەستن بە مەلەفی وزە و نەوتەوە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، کێشەی نێوان هەولێر و بەغدا لە قۆناغی داهاتوودا لەسەر پرۆژەیاسای نەوت و گاز چڕ دەبێتەوە. هەرچەندە شەرقولئەوسەت بە دووری زانیوە لەم کابینەیەی ئێستادا یاساکە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت، بەڵام ئاماژەی بەوە کردووە کە تۆم باراک بە بەرپرسانی کوردی ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گێڕانی ڕۆڵی نێوەندگیر لە پێناو نزیککردنەوەی دیدگاکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش.
یاسای نەوت و گاز لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە وەک یەکێک لە دۆسیە هەرە ئاڵۆزەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ماوەتەوە. وەک لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکەدا هاتووە، تێڕوانینەکان تا ئێستاش لەسەر چەند خاڵێکی جەوهەری جیاوازن، لەوانەش:
- مافی گرێبەستەکان: ئایا هەرێمی کوردستان مافی دەستووری هەیە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا واژۆ بکات و پڕۆژەی سەربەخۆی نەوتی بەڕێوەببات، یان بەپێی یاسا فیدراڵییەکان تەنها حکومەتی ناوەندی لایەنی ڕێپێدراوە بۆ ئەم کارە؟
- کێڵگە نەوتییەکان و جۆری گرێبەستەکان: جیاوازییەکی قووڵ هەیە لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی کێڵگە دۆزراوەکان و سروشتی ئەو گرێبەستانەی واژۆ کراون، کە ئایا لەسەر بنەمای "خزمەتگوزاری" بن (وەک ئەوەی بەغدا پەیڕەوی دەکات) یان لەسەر بنەمای "هاوبەشی لە بەرهەمهێناندا" (وەک ئەوەی لە هەرێم پەیڕەو کراوە).
- سەبارەت بە چانسی تێپەڕاندنی ئەم یاسایە، ماجد شەنگالی، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا پشتڕاستی دەکاتەوە کە لەم خولەی حکومەتەکەی عەلی زەیدیدا، ئەگەری ناردنی یاسای نەوت و گاز بۆ پەرلەمانی عێراق زۆر کەمە و بە دووری دەزانێت.
شەنگالی هۆکاری ئەم چەقبەستووییە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە حکومەتی بەغدا مەیلی بۆ پەیڕەکردنی سیاسەتێکی ناوەندگەرێتی بەهێز هەیە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، بەو هۆیەشەوە پێشبینی دەکات دۆخی مەلەفی نەوت و پەیوەندییەکانی نێوان هەردووولا وەک قۆناغەکانی پێشوو بەبێ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بەردەوام بێت.