لهتیف نێروهیی، ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یهكێتی جهخت دهكاتهوه كه ناوی هیچ وەزیرو بریکارێکی وەزیری سەر بە یەکێتی لە لیستی گهەندەڵکاراندا نییە.
ئاوێنه: لهتیف نێروهیی، ئهمڕۆ چوارشهممه، له راگهیهندراوێكدا وتی، یەکێتیی یەکێکە لەو حزبە کەم وێنانەی لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لەماوەی 23 ساڵی رابردودا هیچ وەزیر و بریکاری وەزیرێكی سەر بە یەکێتی لە بەغدای پایتەخت نە لەسەر گەندەڵی گیراوە، نە لەسەر کارەکەی دەرکراوە نە راشیکردوە، نە متمانەی لێ وەرگیراوەتەوە، هەروەها نە هیچ هەڤاڵێکی یەکێتی کە کاندیدبێت بۆ پۆستێکی باڵا لەبەغدا بە هیچ تۆمەتێک رەتکرابێتەوە.
ئاماژهی بهوهشداوه، سنوری دەڤەری سەوز یەکێکە لەو شوێنە دەگمەنانەی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان نەبۆتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەوانەی لە بەغداو پارێزگاکانی دیکەی عێراق پارەیان دزیوە و لە گەندهڵییەوە تێوەگلاون و دەرفەتیان بۆ نەرەخساوە کە بتوانن بێنە سنوری سلێمانی و خۆیان حەشاربدەن.
جهختیشی كردۆتهوه، لەو لیستەی کە باس لە تێوەگلانی کومەڵێ وەزیرو بریکاری وەزیری حکومەتی فیدراڵ دەکات، ناوی هیچ وەزیرو بریکارێکی وەزیری سەر بە یەکێتی تیانییەو لەئێستادا هەمویان لەبەغدا سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی رۆژانەی خۆیانن و لە دورەوە سەیری دوکەڵی گەندەڵی دەکەن.