حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیاندراوێک، هێرشێکی نوێی بە درۆنی سوپای پاسدارانی ئێرانی بۆ سەر کامپی «دێگەڵە» لە نزیک شارۆچکەی کۆیە ڕاگەیاند.
ئاوێنە: بەگوێرەی ئەو ڕاگەیاندراوە، شەوی ڕابردوو کامپی دێگەڵە، کە وەک شوێنی نیشتەجێبوونی بەشێک لە بنەماڵەکانی ئەندامانی ئەو حیزبە ناسراوە، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە درۆن کراوەتە ئامانج.
حزبی دیموکرات لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو کامپە سەرەڕای ئەوەی ناوچەیەکی مەدەنییە و تێیدا بنەماڵەکان دەژین، لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا و تەنانەت دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستیش، چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی جۆراوجۆری ئێران بووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا، حدکا ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: لەو کاتەوەی گرژییەکانی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل پەرەی سەندووە، تائێستا زیاتر لە ١٣٩ مووشەک و درۆن ئاڕاستەی کەمپەکانی بنەماڵەکان و هەروەها ناوەندە تەندروستی و پەروەردەییەکانی سەر بە حیزبەکەیان کراوە.