عەبدولا ئۆجەلان: پڕۆسەی ئاشتی کەمتر نییە لە گرنگیی دامەزراندنی کۆمار
  2026-08-03       68       

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی پەیامەکانی عەبدوڵا ئۆجەلانیان دوای دیدارێکی سێ کاتژمێری بڵاوکردەوە؛ ئۆجەلان جەختی کردوەتەوە کە پڕۆسەی ئێستا هەنگاوێکی مێژوییە و هاوتای گرنگیی دامەزراندنی کۆمارە، داواشیکردوە لە ڕێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە دەرگای "کۆماری دیموکراسی" بەڕوی هەمو گەلاندا بکرێتەوە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و گەشەی ئابوری، داواشی لە هەموان کردوە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەنگاوەدا بکەن.

ئاوێنە: شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی ئەمڕۆ دوشەممە پەیامەكەی ئۆجەلانیان بڵاویكردوە دوای دیدارە سێ كاتژمێرەكەی دوێنێ، بەناونیشانی، "رێگەی هەزار کیلۆمەتری بە هەنگاوێک دەستپێدەکات" و تێدا هاتوە، "لە رێگەی پڕۆژەیاسایەکەوە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی مێژویی دەنێین. ئێمە لە سەرەتای پرۆسەیەکی دیموکراسیکردنداین کە کەمتر نییە لە گرنگیی دامەزراندنی کۆمار".

ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا دەشڵێت، "هەروەکو چۆن لە کاتی دامەزراندنی کۆماردا رەنج و قوربانیدانێکی گەورە درا، ئێستاش بۆ کۆماری دیموکراسی پێویستە بە هەمان جدییەت کاربکرێت".

ئاماژەی بەوەشكردوە، هەمو کەسێکی ئەم خاکە پێویستی بەمەیە، نەک تەنیا کورد و لایەنێک. کاتێک هەنگاوەکە هەڵبگیرێت، کاریگەری لەسەر چارەنوسی وڵاتەکە و ناوچەکە دەبێت؛ رێگە بۆ پێشکەوتنی دادپەروەریی دیموکراسی و گەشەکردنی دەرفەتە ئابورییەکان دەکاتەوە. ئەمەش خزمەتێکی گەورەیە بۆ 86 ملیۆن کەس. 

ئۆجەلان لە پەیامەكەیدا باسی لەوەشكردوە،، "ئێمە بە رێکخستنی کۆمەڵگە هەنگاوێکی مێژویی دەنێین. ئەم هەنگاوە بەشدارییەکی زۆر گەورە لە ئابوری و ئاشتیدا دەکات".

ئەوەشیخستەڕو، هێشتا هەمو شتێک چارەسەرنەکراوە. بەڵام دۆخێکی وەهاش نییە کە مرۆڤ بە شێوازێکی نەرێنی لێی بڕوانێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بەدروستی لەم هەنگاوە تێبگەین و هەمو کەسێک بە بەرپرسیارێتییەوە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە هەڵسوکەوتبکات.

لە كۆتایی پەیامەكەشدا دەڵێت، "ئەو یاسایەی کە بڕیارە سیاسەت دەریبکات کلیکی کردنەوەی دەرگای پرۆسەکەیە. کردنەوەی دەرگایە بەڕوی کۆماری دیموکراسیدا".

ئەوە لەكاتێكدایە دوێنێ یەكشەممە نوسینگەی راگەیاندنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بڵاویكردەوە، شاندی دەم پارتی جارێكی دیكە به‌ره‌و دورگه‌ی ئیمرالی به‌ڕێكه‌وتوه‌ بۆ دیدار له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجاران. شانده‌كه‌ پێكهاتبوه‌ له‌ "پەروین بوڵدان، مەدحەت سەنجەر، فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ". دواینجار كه‌ ئه‌و شانده‌ سه‌ردانی ئیمرالی كرد، رۆژی 20ی (ته‌مموز/6)ی رابردو بو.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×