تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستبەسەرکردنی ژنانی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەبێ ڕوونکردنەوەی یاسایی، نیگەرانییەکانی لەبارەی چارەنووسی دوو ژنی کورد لە سنووری پارێزگای ورمێ زیاتر کردووە.
ئاوێنە: بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتەکە، ژنێکی گەنج بەناوی «بەفرین ئەحمەدوەش»، دانیشتووی گوندی کەچەڵەی سەر بە پارێزگای ورمێ، لەلایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە. دەستبەسەرکردنی ناوبراو لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵی دوو لە مامەکانی و بەبێ بوونی مۆڵەتی یاسایی بووە. سەرەڕای هەوڵ و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، دەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نین هیچ زانیاری و ڕوونکردنەوەیەک لەسەر بارودۆخی ناوبراو بخەنە ڕوو.
ئەم دەستبەسەرکردنە لە کاتێکدایە کە سێ ڕۆژ پێشتر، هەواڵی گەمارۆدانی ئەو گوندە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی «عەیوەز بێهنموون»، «شەعبان ئەحمەدوەش» و «ئیبراهیم ئەحمەدوەش» بڵاو کرابووەوە.
لە لایەکی دیکەوە، نزیکەی ٥٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ژنێکی دیکەدا بەناوی «پەروین ڕاسق قزلباش» تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی شارۆچکەی ماکۆی سەر بە پارێزگای ورمێ تێپەڕ دەبێت. ناوبراو لەلایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەبێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کراوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن و چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. سەرەڕای سەردانی بەردەوامی کەسوکاری، ناوەندە دادوەری و ئەمنییەکان هیچ جۆرە وەڵامێکیان نەداونەتەوە.