بە بڕیاری دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لێخۆشبوونی گومرگی دەرکرا بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی گەنمی جووتیاران هەناردەی دەرەوە دەکەن.
ئاوێنە: بەرگەشت ئاکرەیی، وتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان لە لێدوانێکدا ئاشکرایکرد "لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوە، بۆ ماوەی یەک مانگ لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کۆمپانیا و بازرگانانەی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە بەرهەمی گەنم هەناردە دەکەن".
ئەوەشی وت "بۆ پاراستنی گەنمی جووتیاران لە فەوتان و خێرا ساغکردنەوەی ئەو بەرهەمە زۆرەی لە دەرەوەی سایلۆکان کەڵەکە بووە، ئەم هەنگاوە ئاسانکارییەکی پێویست و کاتییە، بەتایبەت بۆ بەرگرتن لەو زیانانەی کە گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت بیهێنێتە ئاراوە".
عێراق ئەمساڵ تەنیا 387 هەزار و 378 تۆن گەنمی لەڕێگەی سایلۆکانەوە لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرت، بڕێکی زۆر گەنمی جووتیاران ماوەتەوە و بەبڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوە بەبازاڕ دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئاسانکاری هەناردەکردن بۆ جووتیاران دەکرێت.