بەهۆی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێزەکانی دەستەی حەشدی شەعبی دەستیان کردووە بە چۆڵکردنی بەشێکی بەرچاو لە بارەگا و پێگەکانیان لە سنووری پارێزگای ئەنبار، ئەمەش وەک هەنگاوێکی پێشوەختە بۆ خۆپاراستن لە هەر هێرش و لێدانێکی چاوەڕوانکراو.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ دووشەممە (٣١ی ئابی ٢٠٢٦) لە میدیا عێراقییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، پڕۆسەی چۆڵکردنەکە بەشێوەیەکە کە سەرجەم سەرکردە و بەرپرسە باڵاکانی حەشد لەو شوێنانە کشاونەتەوە و لە ئێستادا تەنیا ژمارەیەکی کەم لە چەکدارە ناوخۆییەکانی خەڵکی پارێزگای ئەنبار لەناو بارەگاکاندا ماونەتەوە، ئەویش بە مەبەستی پاسەوانی و چاودێریکردنی باڵەخانەکان.
ئەم جموجۆڵ و ڕێکارە ئەمنییانە لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت پرۆسەی کشانەوە و چۆڵکردنی هاوشێوە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش پەیڕەو بکرێت؛ بەتایبەت کە لە قۆناغەکانی پێشوودا و لەگەڵ هەر هەڵکشانێکی سەربازیدا، بنکە و بارەگاکانی سەر بە حەشدی شەعبی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەکرانە ئامانج.