یونیسێف: 5 ملیۆن منداڵی‌ سوری‌ پێویستییان بەهاوكاری‌ مرۆیی‌ هەیە
  2019-11-22       835       
به‌پێی‌ ڕاپۆرتێكی‌ نێردەی‌ تایبەتی‌ یونیسێف بۆ سوریا، ئاڵۆزیی‌و توندیی قەیرانی جەنگ سەبارەت بەدۆخی منداڵان گەیشتۆتە ئاستێکی زۆر مەترسیدارو له‌و چوارچێوه‌یه‌دا زیاتر لە 5 ملیۆن منداڵی‌ سوریی پێویستیان بەهاوکاری مرۆیی هەیە.

ئاوێنه‌: له‌راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، 5 ملیۆن منداڵی‌ سوری‌ پێویستییان بەهاوكاری‌ مرۆیی‌ هەیە كە 2 ملیۆن‌و 600 هەزاریان ئاوارەی‌ ناوخۆیی‌ سوریان.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی یونیسێف، لانیكەم 250 منداڵ لەبەندیخانەكانی‌ باکوری سوریادان کە بونەتە بارگرانییەکی زۆر بۆ دەسەڵاتی خۆجێی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە.

هاوكات فران ئیکوێزا، نوێنەری رێكخراوی یونیسێف لەسوریا ده‌ڵێت، تا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ 1792 پێشێلکاریی مەترسیدار بەرامبەر مافەکانی منداڵان کراوەو پێشێلکارییەکانیش کوشتن‌و بریندار کردن‌و رفاندنی منداڵان‌و هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان بوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، لەمانگی کانونی دوەمەوە تا مانگی ئەیلول 657 منداڵ کوژراون‌و 324 منداڵی دیکە بریندار بون و دەکرێت ئەم ژمارەیە زۆر زیاتر بێت.

ئەوەشی خستوەتەڕو منداڵەکان لەسوریا تائێستاش لەهەمان ئاستی مەترسیدان کە لەساڵی 2018 روبەڕویان بوەوە کە تێیدا 1106 منداڵ کوژران‌و ئەوەش گەورەترین ژمارەیە بۆ کوژرانی منداڵان لە یەک ساڵدا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×