2019-03-15   1730     
برینتۆن تارانت، ئهنجامدهری هێرشهكهی نیوزلهندا
ئەم تیرۆریستە خوێنڕێژە بناسە!
"برینتۆن تارانت"ی 28 ساڵان ئەو گەورە تیرۆریستەیە کە ئەمڕۆ لەکاتی نوێژی هەینی هەڵیکوتایە سەر دوو مزگەوتی موسڵمانان لەشاری"كرایست تشیرش"وڵاتی نیوزلەندا کەبووە هۆی شەهیدکردنی چل و نۆ نوێژخوێن و برینداربوونی دەیانی تر!
ئاوێنه: "تارانت"ی، تیرۆریست ساڵی 1991 لەشارۆچکەی"غرافتون، لەبنەماڵەیەکی مەسیحی کەمدەرامەت لەدایکبووە کە کەوتووەتە باکووری شاری"نیو ساوپ ویلز"ی وڵاتی سترالیا، کەسێکی سەرەڕۆو توندڕەو بووەو بەردەوام پشتگیری پارتی ڕاستڕەوی توندڕەو بووە، هەمیشە دژی پەنابەران جووڵاوەتەوە..
هەرزوو دەستبەرداری خوێندن دەبێت و لەنووسراوێکی 73 لاپەڕەدا باس لەوێستگەی ژیانی خۆی دەکات و دەڵێت: بەدرێژایی مێژوو زوڵم لەئێمە کراوەو ڕۆژێک دادێت تۆڵەی ئەو هەموو شەڕانە دەکەمەوە کە لەمێژووی وڵاتەکەم ڕوویداوە، تەنانەت لەسەر چەکی دەستی مێژوو و ساڵی ئەو شەڕانەی نووسیوە کەتێیدا لەنێوان عوسمانیەکان و هەندێ وڵاتی ئەوڕوپی ڕوویداوە!
هەروەها دەڵێت: لەژیانمدا بەکەسایەتی"دۆناڵد تڕامپ"ی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرسامم کە دڵنیام ئەو مافی سپی پێستەکان دەسەنێتەوە بەوەی ستەمیان لێکراوە!
ئەم تیرۆریستە دەڵێت: خوێندن چ سوودێکی بۆمن نییە چ جای ئەوەی ڕوو لەکۆلێژ بکەم بۆ بڕوانامە.
ناوبراو بەردەوام خەریکی وەرزش بووە تاوەکو لەساڵی 2010 مۆڵەتی پێدەدرێت ببێت بە ڕاهێنەری لیاقەی بەدەنی، ئەو دەڵێت: هەرگیز قبوڵم نییە کەسی بێگانە لەسەرخاکەکەم بژیێت، تەنانەت ئەوانەی لێ نزیک بوون دەگێڕنەوە کە کەسێکی یاخی بووەو تێکەڵی کەس نەبووە!
دانی بەوەداناوە کە دووساڵ خەریکی ڕاهێنان و پلان دانان بووە بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی کردەکەی!
دواجار ئەمڕۆ بە ئۆتۆمبیلێکی پڕچەکەوەو بەجلوبەرگی سەربازی هێرش دەکاتە سەر دوو مزگەوتی نیوزلەندا، لەکاتی کردنەوەی سندوقی ئۆتۆمبیلەکەی بەدەم گۆرانی گووتنەوە دەڵێت: ئێستا ئاهەنگەکەمان دەستپێدەکات و بەدەم گواستنەوەو وێنەگرتنی ڕووداوەکە بەشێوەی ڕاستەوخۆ یەکەمجار نوێژخوێنانی مزگەوتی ئیمان دەکاتە ئامانج و بۆماوەی پازدە خولەک لەتەقەکردن بەردەوام دەبێ، دواتر بەرەو شوێنی نوێژکردنی ئافرەتان بەڕێدەکەوێت دوای شەهیدکردنی ژمارەیەکی زۆر لەنوێژخوێنان ئنجا بەرەو مزگەوتی دووەم بەڕێدەکەوێت و لەوێش ژمارەیەک نوێژخوێن شەهیدو بریندار دەکات!
دوای ئەم کردە تیرۆریستیەو دەستگیرکردنی و داننان بە تاوانەکەی، سەرۆک وەزیرانی نیوزلەندا دانی نا بەوەی کە ڕووداوەکە کردەیەکی تیرۆریستی یەو، سەرۆک وەزیرانی ئوستڕالیاش ڕایگەیاند: کە برێنت تارانت بەڕەگەز ئوستڕالیە!
وەرگێڕان: سوهەیب جەمیل عەلی
سەرچاوە: کەناڵی ئەلجەزیرە