ئۆپیك پڵەس رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەی مانگێكی دیكە درێژدەكاتەوە
  2020-06-06       488       

ئۆپیك پڵەس، ئەمڕۆ شەممە، بڕیاریدا بە درێژكردنەوەی رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تا كۆتایی مانگی تەمموز، ئەوەش دوای ئەوەی لەماوەی دو مانگی رابردودا نرخی نەوت بەهۆی هەوڵەكانی وڵاتانی ئەندامی ئۆپیك و هاوپەیمانەكانی، بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوەوە كە بەگوێرەی رێككەوتنەكە 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەیان كەمكردەوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ وڵاتانی ئۆپیك پڵەس لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە كۆبونەوەو بەپێێ رەشنوسی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، رێككەوتون لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگێكی دیكە.

هەروەك داوا لە وڵاتانی وەك نەیجیریا و عێراق كراوە قەرەبوی ئەو بڕە نەوتە بكەنەوە كە لەمانگی ئایاردا كەمیان نەكردۆتەوە ئەوەش لەڕێگەی كەمكردنەوەی زیاتر لە ماوەی مانگی تەمموز تاوەكو ئەیلول.

ئۆپیك پڵە لە مانگی نیسانی رابردودا رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 9.7 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە لەماوەی مانگی ئایارو حوزەیراندا ئەوەش بەمەبەستی بوژاندنەوەی نرخی نەوت كە بەهۆی قەیرانی بڵاوبونەوەی كۆرۆناوە نرخەكەی زۆر دابەزی بو.

بەگوێرەی رەشنوشی راگەیەندراوەكەی ئەمڕۆی ئۆپیك پلەس، لیژنەی چاودێری وەزاریی هاوبەش، تاوەكو مانگی كانونی دەوەمی ئەمساڵ هەمو مانگێك جارێك كۆدەبێتەوە بۆ پێداچونەوە بە دۆخی بازاڕی نەوتدا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×