دیپلۆماتكارێكی ئێرانی بەتۆمەتی "تیرۆر" لە بەلجیكا دادگایی دەكرێت
  2020-07-15       617       

بە بڕیاری دادگایەكی بەلجیكا، پاییزی ئەمساڵ چوار گومانلێكراو كە یەكێكیان دیپلۆماتكارێكی ئێرانییە بە تۆمەتی تێوەگلان لە داڕشتنی پلانی ئەنجامدانی تەقینەوەیەك لە كۆبونەوەی رێكخراوی موجاهدینی خەلقی ئێرانی لە ساڵی 2018، دادگایی دەكرێن.

ئاوێنە، بی بی سی: بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، وتەبێژی داواكاریی گشتیی فیدراڵی بەلجیكا رایگەیاندوە: ئەو چوار كەسە تۆمەتباركراون بە "هەڵسان بە كوشتنی تیرۆریستیانە" و "تێوەگلان لە كردەوەكانی رێكخراوێكی تیرۆریستی."

بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵ بۆ یەكەمین جارە دیپلۆماتكارێكی ئێرانی بە تۆمەتی تێوەگلان لە "كردەوەی تیرۆریستی" لەنێو خاكی ئەوروپا دادگایی دەكرێت.

لە مانگی تەمموزی 2018، داواكاری گشتی بەلجیكا رایگەیاند: پلانی ئەنجامدانی تەقینەوەیەك لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران كە موجاهدینی خەلق گەورەترین پێكهێنەریەتی، لە نزیك شاری پاریس، پوچەڵ كراوەتەوە.

رۆژی 30ی حوزەیرانی 2018 كە هاوكات بو لەگەڵ كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی ئێراندا، ژن و مێردێكی بەڕەچەڵەك ئێرانی لە رێگەی "ئانتۆرپ" بۆ پاریس، لەناو ئۆتۆمبێلەكەیاندا دەستگیركران كە نیو كیلۆ ماددەی تی ئێن تی-یان پێبو.

 ئەو كات پۆلیس دو گومانلێكراوی دیكەی ئاشكراكرد كە یەكێكیان ئەسەدوڵا ئەسەدی، دیپلۆماتكاری ئێرانی نیشتەجێی ڤییەنا بو كە لە ئەڵمانیا دەستگیركرا. ئەسەدوڵا دوای چەند مانگێك لە دەستگیركردنی، لەسەر داوای بەلجیكا، رادەستی ئەو وڵاتە كرا.

فەرەنساش دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێرانی تۆمەتباركرد بەوەی كە دەستیان هەبوە لە پلانی ئەنجامدانی ئەو هێرشەدا. بەڵام ئێران ئەو بانگەشانەی رەتكردنەوە.

دادگایی ئەو چوار تۆمەتبارە لە شاری "ئانتۆرپ"ی بەلجیكا بەڕێوەدەچێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×