مرۆڤ‌و کەرامەت: کێ خاوەن مافە؟
  2020-08-08       1824       

ئا: رێبین محەمەد ئەحمەد

 

کتێبی "مرۆڤ و کەرامەت" لەنوسینی مەریوان وریا قانعە، ناوەندی ئەندێشە بەچاپی گەیاندوە، مرۆڤ و کەرامەت ئەتوانین بڵێین یەکێکە لەکتێبە هەرە گرنگەکانی دونیای فکر، کە لەسێ بەش پێکدێت.

سەرەتای کتێبەکە بە"مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف"و بەوتە بەناوبانگەکەی جیڤرسۆنی سەرۆکی ئەمریکا دەستپێدەکات، کە لەساڵی ١٧٧٦ وتویەتی "ئێمە باوەڕمان وایە ئەم کۆمەڵە ڕاستیە بەڵگەنەویستن: هەموو مرۆڤەکان بەیەکسانی دروست کراون، دروستکەرەکەیشیان کۆمەڵێک مافی پێداون، کە ناکرێت لێیان بسەنرێتەوە، لەنێوان ئەومافانەشدا مافی پاراستنی ژیان و مافی ئازادی و مافی گەڕان بەدوای بەختەوەریدا".


ئەم تێروانینە سەرەتاییە بۆ مرۆڤ لەکۆتایەکانی سەدەی هەژدەیەم بانگەشە هەرە سەرەکیەکەی مۆدێرنەیە، چونکە لەپێشوتردا هەرگیز نەبوە کەسێک بانگەشەی ئاوا بۆ مافی مرۆڤ بکات، هەرگیز کەس لەوەوپێش بەخەونیش نەیبینیوەو نەیبیستوە کە کۆیلەیەک و خانەدانێک، ڕەشپێستێک و سپی پێستێک، نێرێک و مێیەک، دیندارێک و بێدینێک، لەمافدا یەکسانن.

ئەگەرچی لەدینەکاندا گیانی هاوکاریکردن و یارمەتیدان هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە کە وەک ماف خۆی دەربخات بەڵکو وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆڤانە دەردەکەوێت، کە لەزۆر دین و لەزۆرشوێنی دونیا لەهەمو ساتەوەختەکاندا هەبووە.

نوسەر لەکتێبەکەدا پرسیارێکی گرنگ دەورژێنێت: چ کەسێک خاوەن مافە؟ مەریوان پێیوایە "کێ خاوەن مافە؟" پرسیارێکە لەکۆنەوە تا ئێستا چەندان وەڵامی جیاوازی هەبووە.  نوسەر وەڵامی دوو فەیلەسوفی یۆنانیی دەهێنێت،ئەوانیش ئەفلاتون‌و ئەریستۆیە. ئەفلاتون پێیوایە ڕۆحی مرۆڤ لەسێ ڕەگەز پێکهاتوە، یەکەمیان حەزوو ئارەزوە، دووەم ئازایەتیە، سێهەم عەقڵە.


 ئەفلاتون دەڵێت هەریەک لەم ڕەگەزانە مرۆڤی جیاواز دروست دەکەن، واتا حەزو ئارەزو هی مرۆڤی کۆیلەیە هی ئەو کەسانەیە کە کار دەکەن، ڕەنگە جێگۆڕکێ لەنێوان ئەم ڕەگەزانە ڕوبدات، بەڵام شتێکی دەگمەنە. ڕەگەزی دووەم مرۆڤی ئازایە، کە ئەمەی تریان ئەو کەسانەیە پارێزگاری لەخەڵک و وڵات دەکەن . سێهەمیش ڕەگەزی عەقڵە، کە ئەمەیان دەبێت دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتیان لەدەستدابێت. دەبێت پەروەردەی ئەم سێ ڕەگەزە جیاوازبێت لەیەکتری. کاتێک ئەم فەیلەسوفانە باسی شاری چاکەکار دەکەن، دەیانەوێت حوکمێکی داپەروەرانە بەدیبهێنن. ئەرکی سەرەکی ئەوەیە هەر کەس لەو رەگەزانە بەپێی پلەکەی کاری پێبسپێردرێت و نابێت ئاڵوگۆر لەنێوان ئەرکەکانادا بکرێت، واتا نابێت کەسی ئازا کە سەربازە حوکمی وڵات بگرێتەدەست یان کەسانی خاوەن عەقڵ ببنە کۆیلە، یان کۆیلە ببێتە سەرباز.

ئەرستۆش دووجۆرکۆیلایەتی دیاری دەکات، ئەرستۆ دەڵێت "جۆری یەکەم ئەوانەن کە بەسروشت کۆیلەن واتا هەربەکۆیلایەتی هاتونەتە بوون، کە خۆیان خاوەنی خۆیان نین بەڵکو ئەوە خاوەن کۆیلەکانن دەبێت چاودێری و ئاگاداریان بکەن. ئەم جۆرە کەسانە لاشەیان بەهێزەو لەڕوی سروشتییەوە بۆ کارکردن دروست کراون، کەسانێک نین خاوەن بیرکردنەوە بن بەڵکو ئەوە خاوەن کۆیلەکانن خاوەنی عەقڵ و بیرکردنەوەن".


جۆری دووەم لەکۆیلە ئەوکەسانەن کە بەسروشتی کۆیلە نین، بەڵکو بەهۆی بارودۆخێکەوە بون بەکۆیلە ئیتر سزابێت یان بەهۆی جەنگەوە بێت. ئەرستۆ پێشوایە ئەوانەی یۆنانی نین بەسروشت کۆیلەن، کەسانی بیرکەرەوە نین. وەک دەزانین ئەم جۆرە لەبیرکردنەوەی ئەم دوو فەیلەسوفە هیچ جۆرە مافێک بۆ ئەم کەسانە دانانێن و نزیک نەبونەتەوە لەوەی کە هەموو مرۆڤێک لەمافدا یەکسانەو پلەی کۆمەڵایەتی ناتوانێت ماف بۆ کەسەکان دیاریبکات.


لە لاپەڕەکانی دواتردا نوسەر باسی مافی خودایی دەکات. مافی خودایی هەر لەسەرەتادا بۆ کەسانی حوکمڕان بووە، کە پێیان وابوە ئەو دەسەڵاتەی هەیانە دەسەڵاتێکی خوداییەو تەنها بەکەسێتی پادشا بەخشراوە، کەسیتر ئەومافەی نیە. پاشا هەموودەسەڵاتێکی هەیە، هیچ یاسایەک لەسەرو پاشایەوە بوونی نیە، ئەو پادشایە لەسەرو هەموشتێکەوەیەو دەسەڵاتێکی ڕەهای هەیە. هەمیشە ئەو کەسانەی پادشا بوون وەک پیرۆز سەیرکراون، دەبێت دەسەڵات هەر لەدەستی ئەو بنەماڵە پیرۆزەدابێت. ئەمە ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵگا دووبەشە، بەشێکیان مرۆڤە پیرۆزەکانن کە دەبێت دەسەڵات هەربۆ ئەوانبێت چونکە خودا پێیبەخشیون، بەشەکەی تریان کەسە ئاسایی و کۆیلەکانن کە پیرۆزنین و دەبێت هەمیشە لەخزمەتی کەسە پیرۆزەکاندا بن. ئەم جۆرە لەیاساو ئەم جۆرە لەحوکمڕانیە کە دابەشکردنی مرۆڤە بەسەر پیرۆزو ناپیرۆز، کەسی خاوەندەسەڵات هەتا پلەی خواوەندو کەسی کۆیلەو بێماف کە هیچ نیە جگە لە بێمافیەکی ڕوون کە هیچ جۆرە نەفەسێکی یەکسانی ئینسانی تێدانیە تا دەرکەوتنی مۆدێرنە.


کتێبەکە باس لەدووچەمکی گرنگ دەکات ئەویش عامە وخاسەیە، کە ئەم دووانە توانیویانە دەسکاری شوێنی مرۆڤ بکەن لەکۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا، واتا توانیویانە مرۆڤ دابەشکەن بەسەر دوو بەشدا. بەشی یەکەم مرۆڤی خاسەیە کە نوخبەیەکی کەمن بەڵام نوخبەیەکی خوێندەوار خاوەنی مەعریفەو بیرکردنەوەن و ئاگاداری دین و ئەدەبیاتن، تەنانەت دەسەڵاتیش کە زۆربەی کات ئەمان لەدەوری حوکمڕاناندا ژیاون. ئەوانەی کە وەک عامە سەیرکراون کەسانی گەمژەو حەزپەرەست و بێعەقڵ وهیچ نەزانن، تا ڕادەیەک کەسێکی وەک ئیبن مەوقەفەع کۆمەڵگا دابەش دەکات لەنێوان ئەم دووبەرەیەدا، کە پێیوایە عەوام عەقڵیان نیەو ئەوە نین باوەڕیان پێبکرێت. بەڵام خاسە ئەو کەسانەن کەخاوەنی ئەقڵ و هەست و بیرن. ئیبن مەوقەفەع دەستەواژەی "گاگەل" بەکاردەهێنێت بۆخەڵکانی عامە. بەڵام خاسە کەسانی خاوەن خود و کەسیان لەمرۆڤێکی تر ناچێت، واتا سەربەخۆن لەتێڕوانین‌و بیرکردنەوەدا. هەروەها پێیوایە کە عامە بۆی نیە نزیکببێتەوە لەکەسانی خاوەن دەسەڵات، بەڵکو تەنها خاسە بۆی هەیە نزیکی کەسانی خاوەن دەسەڵات ببێتەوەو بیرو بۆچونەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن.


بەگشتی زۆربەی نوسەرانی ئیسلام باوەڕیان بەجیاوازی عامە و خاسە هەیە، هەتا فەیلەسوفێکی وەک فاڕابی پێیوایە مرۆڤ کاتێک دەمرێت تەنها ڕۆحەکەی دەچێتە بەهەشتەوە بەبێ جەستە، کە ئەمە بۆ ئەو کەسانەیە لەدونیادا چێژی ڕۆحیان هەیە پێویستیەکی ئەوتۆیان نیە بەجەستەو بەبێ ئەو دەتوان چێژ ببینن. پێیوایە عەوام تەنها دەتوانێت چێژی جەستەیی ببینێت هیچ توانایەکی ئەوەی نیە هەست بەچێژە رۆحیەکان بکات. لەبەرئەوە کاتێک دەمرێت تەنها لەبەهەشتدا چەند چێژێکی جەستەیی بۆکەسانی عەوام دانراوەو دەتوانن چێژی لێوەربگرن. دەبینین ئەم جیاکارییە لەنێوان مرۆڤدا هەر لەدونیادا نیە، هەر لەم ژیانە مرۆڤ بێماف ناکەن، بەڵکو لەو دونیاش لەپاش مردنیش مرۆڤی نایەکسان هەربونی هەیە.


سەبارەت بەمرۆڤی نایەکسان، مەریوان باس لەکۆیلایەتی دەکات لەکۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا، کۆیلایەتی پێش ئیسلام هەبوە، لەسەردەمی ئیسلامیشدا هەر بوونی هەبوەو حەرام نەکراوە، ئەگەرچی خێرو پاداشتێکی زۆری هەبووە کاتێک کۆیلەیەک ئازاد بکەیت، بەڵام تێکستێک نیە کۆتایی بە کۆیلایەتی بهێنێت، بێگومان ئەمە بۆ ئاینەکانی تریش هەر ڕاستە.

نوسەر دوای ئەوەی باس لەبێمافی و نایەکسانی مرۆڤ دەکات، دواتر دێتە سەرئەوەی سەرەتای دەرکەوتن و  لەدایکبونی بیرۆکەی مرۆڤی یەکسان کەی سەرهەڵدەدات.
بیرۆکەی مرۆڤی یەکسان وەک نوسەری کتێبەکە دەڵێت "بەتوندی بەسراوەتەوە بەدەرکەوتنی مۆدێرنەوە. کاتێک لەسەدەی هەژدەدا ئەودیدو تڕوانینانەی سەبارەت بەمافی مرۆڤ و یەکسانی تەواو گۆڕانی بەسەردادێت، کە ئەویش جیاوازی نەکردنە لەنێوان ڕەش و سپی، دەوڵەمەندو هەژار، دیندار و بێدین. یەکێک لەدەرکەوتە سەرەکییەکانی مۆدێرنە چەمکی "هاووڵاتی"یە، کە بەهیچ شێوەیەک بەشێک نیە لەمێژوی هیچ کۆمەڵگایەک و هیچ دینێک. بیرۆکەی سەرەکی ئەم هاوڵاتیبوونە، یەکسانی مرۆڤەکانە لەبەردەم یاساداو هەبوونی کۆمەڵێک ماف بەبێ جیاوازی. ئەم هاوڵاتیبونە پەیوەندی بەدەرکەوتنی دەوڵەت "نەتەوە"وە هەیە".

لەسەردەمی ماکیاڤیلییەوە دەوڵەت گرنگی پێدەدرێت و بیری لێدەکرێتەوە، کە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕێکدەخات، بەڵام ئەوەی ماکیاڤیلی باسی لێوەدەکات، دەوڵەتی نەتەوە نیە بەمانا مۆدێرنەکەی، چونکە لەوسەردەمەدا پادشاکان و میرەکان خاوەنی هێزو و دەسەڵاتێکی زۆرن ، ئەو شوێنانەی ئەوان حوکمی تێدا دەکەن، بەموڵکی  خۆیان سەیری دەکەن. لەسەردەمی ماکیاڤیلیەوە دەوڵەت پێگەی گەورەتر دەبێت لەژیانی کۆمەڵایەتیدا، وەک جیاکردنەوەی کایەی سیاسەت لەکایەکانی دین و ئەخلاق.


نەتەوە لە سەرەدەمی شۆڕشی فەرەنسیدا  پێناسێک  وەردەگرێت، بەتایبەت لای نوسەرێکی وەک ئیمانوێڵ جۆزێف کاتێک کتێبێک دەنوسێت بەناونیشانی  "ئایا عامەی خەڵک کێن؟" پێیوایە بەشەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە چیتر ئەو کەسانە نین کە ئەرستۆکراتەکان بەگەمژەو ڕەعیەت ناویان دەبەن، چونکە ئەوانیش بەشێکن لەو یەکە کۆمەڵایەتی وسیاسیە کە نەتەوەیە. پێیوایە نەتەوە لەکۆمەڵێک مرۆڤی خاوەن ماف و ئازاد پێکدێت.

بەگشتی شۆڕشی ئەمریکاو شۆڕشی فەرەنسی ڕۆڵی گرنگیان گێڕا لەتەواو ئاشناکردنی مافەکانی مرۆڤ. شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمەریکا لەساڵی ١٧٧٦ کە دواتر بەیاننامەی مافەکان-ی ساڵی١٧٨٧ لێکەوتەوە. هەروەها شۆڕشی فەرەنسی ساڵی١٧٨٩ مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتی ، کەهەوڵێک بوو بۆچەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی و ئازادی.

بێگومان دەبێت ئەوە بزانین دوای ئەم شۆڕشانە کە لەپێناو یەکسانیدا ئەنجامدراون، شۆڕنەبونەتەوە بۆ واقیع، بەڵکو بێمافی و نایەکسانی مرۆڤەکان هەر بەردەوام بوون. کەسێکی وەک جیڤرسۆنی سەرۆکی ئامەریکا کاتێک باس لەمرۆڤی یەکسان دەکات، لەژیانی خۆیدا نایەکسانیەکی بەرچاو بونی هەبووە. جێڤرسۆن چوارساڵ پێش ئەوەی بمرێت، ژمارەی کۆیلەکان لەماڵەکەیدا زۆر بوەو ٢٦٧ کۆیلەی هەبوە، کە لەکاتی مردنیدا ئامادە نەبوە لەسێ کۆیلە زیاتر ئازاد بکات.


مەریوان ئاماژە بەوە دەکات کە بێگومان ئەگەر سەدەی نۆزدەهەم سەدەی سەرهەڵدانی سۆسیالیزم و مافەکانی ژن بێت، سەرەتای سەرهەڵدانی پارتەکانی چینی خوارەوە بێت، ئەوا سەرەتای سەرهەڵدانی نایەکسانی نوێش بووە. وەک سەرهەڵدانی ئیمپرالیزم و داگیرکردنی ناوچەکان و کیشوەری تر لەلایەن زلهێزەکانەوە. هەروەها سەرەتای سەرهەڵدانی ڕاسیزم و جۆری گەشەکردن و جیاکاریی.


یەکێک لەکێشە سەرەکیەکانی مۆدێرنە لەدیدی مەریوانەوە، ئەو ڕوبەرە سیاسییەیە کە تێیدا دروست دەبێت و دەبێتە چوارچێوەی ماف، چوارچێوەیەکی نەتەوەییە. لەدەوڵەتی نەتەوەدا سنورێک بۆ ئەوانەی لەناویدان و ئەوانەی لەدەرەوەی ئەم سنورەدان هەیە. ئەوانەی لەناو ئەم دەوڵەت نەتەوەیەدا دەژین و ئەوانەی لەدەرەوە دەژین. ئەمە وادەکات ئەوانەی لەو چوارچێوە نەتەوەیەدا ناژین بێماف بن. ئەوانەی خاوەنی دەوڵەتێک نین، خاوەنی مافیش نین.


فەیلەسوفی ئەڵمانی هانا ئارێنت دەڵێت "لەدەرەوەی نەتەوە شتێک نەماوەتەوە بەناوی جیهان، پێویستە مافێکی گەردونی بونی هەبێت نەبەسرێتەوە بەهیچ سنورو نەتەوەیەکەوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×