کۆنگرێسی ئەمریکا سەرکەوتنی بایدنی پەسەند کرد
  2021-01-07       566       


کۆنگرێسی ئەمریکا، جۆ بایدنی وەک سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا بە دەنگی 270 ئەندامی کۆمەڵەی هەڵبژاردنەکان پەسەند کرد.

ئاوێنە: مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمریکا رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکادا جۆ بایدن وەک سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا پەسەند کرا.

دەبوایە ڕۆژی سێشەممە 5ی کانونی دووەم کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ دەنگدان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و پەسەندکردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا کۆببێتەوە بەڵام بەهۆی توندوتیژی و چونە ناو بینای کۆنگرێس لەلایەن لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپەوە کۆبوونەوەکە تا بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە دواخرا.

  بایدن بناسە


جۆ بایدن، لەدایکبووی 20ی تشرینی دووەمی 1942ـە، لە ویلایەتی پێنسلڤانیا لەداكیبووە.

گەورەترینی نێو چوار كوڕەكەی جۆزێف بایدن بووە. كاتێك تەمەنی بایدن دەبێت بە 10 ساڵ، ماڵیان دەگواسترێتەوە بۆ كڵایمۆنت لە ویلایەتی دیڵاوێر، چونكە باوكی وەك فرۆشیاری ئۆتۆمبیل لەوێ دەستبەكار دەبێت.

ساڵی 1961 جۆ بایدن دەبێتە یەكێك لە دەرچووانی ئەكادیمیای ئەریشمیر لە كڵایمۆنت. ساڵی 1965 زانستی سیاسی و مێژوو لە زانكۆی دیڵاوێر تەواودەكات و ساڵی 1968 لە زانكۆی سیراكۆس، بڕوانامە لە یاسا دا بەدەستدەهێنێت.

ساڵی 1966 كاتێك بایدن خوێندكاری بەشی یاسا دەبێت، لەگەڵ نیڵیا هانتەر هاوسەرگیری دەكات و دەبنە خاوەنی دوو كوڕ و كچێك، بەڵام لە ساڵی 1972دا دوای ماوەیەكی كەم لە بوونی بە ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا، هاوژینەكەی و كچەكەیان لە ڕوداوێكی هاتوچۆدا مردوون و دوو كوڕەكەشیان برینداربوون.

لە ساڵی 1972دا بایدن دەبێتە شەشەم گەنجترین سیناتۆری ئەمریکا، شەش جار بووەتە سیناتۆر و یەکێک لە چوار سیناتۆرە بەناوبانگەکانی ئەمریکایە و بۆ ماوەی 37 ساڵ وەك سیناتۆر نوێنەرایەتیی ویلایەتی دیڵاوێر دەكات.

بایدن 47ـەمین جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا، باراک ئۆباما بوو، کە لە ساڵی 2009وە بۆ دوو خوولی سەرۆكایەتیی ئۆباما، جێگری ناوبراو بوو، دوای كۆتایی هاتنی خوولی دووەمی پۆستەكەی وەك جێگری سەرۆكی ئەمریكا، لە زانكۆی پێنسلڤانیا بوو بە مامۆستا.

لە ساڵی 1991 – 2007 دژایەتی جەنگی عێراقی کردووە و دژی ناردنی هێز بۆ عێراق و جەنگی لەناوبردنی ڕژێمەكەی سەدام حسێن بووە.

هەروەها نەیاری چەندین كردە و چالاکی سەربازیی دیكەی ئەمریکا و ناتۆ لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بووە، لەوانە ئەو هەڵمەتە سەربازییەی هێزە تایبەتەكانی ئەمریكا لە ئایاری 2011ـدا كە بووە هۆی كوژرانی ئوسامە بن لادن، سەرۆكی ئەوكاتی ڕێكخراوی قاعیدە.

جۆ بایدن، لە ساڵی 2016ـدا ڕایگەیاند خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی ئەمریكا لە ساڵی 2020ـدا كاندید ناكات. مانگی كانونی یەكەمی هەمان ساڵ، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ڕەنگە خۆی كاندید بكات، دوای مانگێك و لە 13ی كانونی دووەمی 2017ـدا، جارێكی ڕایگەیاند كە خۆی كاندید ناكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بەڵام دوای تەنها چوار ڕۆژ، لە بڕیارەكەی پاشگەزبووەوە و ئاشكرایكرد، خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2020 كاندید دەكات.

بایدن دوو جاری تر خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا كاندید كردووە، ئەوانیش لە ساڵی 1988 و ساڵی 2008ـدا بوون، بەڵام هەردوو جارەكە شكستیهێنا لە بەدەستهێنانی كورسیی سەرۆكایەتی و گەیشتن بە كۆشكی سپی. ئێستا لەسەر پشكی پارتی دیموكراتخوازەكانی ئەمریكا، بوو بە سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×