وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ چوارشەممە، داوای لە توركیا كرد دەستبەرداری
سیستمی بەرگری ئێس400ی روسی ببێت و هەروەها نیگەرانی خۆیشی نیشاندا بەرامبەربە
كشانەوەی توركیا لە رێككەوتننامەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاو مەولود
چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا لەپەراوێزی كۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ لە
برۆكسل كۆبونەوە.
بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لە كۆبونەوەدا بلینكن داوای
كردوە توركیا دەستبەرداری كڕینی سیستمی موشەكی ئێس400ی روسی ببێت و هەروەها
پشتیوانی خۆی بۆ دانوستانەكانی نێوان ئەنكەرەو ئەسینا دەربڕیوە.
هەروەك بلینكن نیگەرانی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر بە كشانەوەی توركیا لە
رێككەوتننامەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و جەختی لە گرنگی رێزگرتن لە
دامەزراوە دیموكراتییەكان و مافەكانی مرۆڤ كردۆتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز،
لەزاری مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیاوە بڵاویكردۆتەوە كە بە وەزیری
دەرەوەی ئەمریكای راگەیاندوە، كڕینی سیستمی بەرگری ئێس400ی روسی بۆتە
"یەكلابۆتەوە"و هاوپەیمانانی ناتۆ پێویستیان بە نەخشەڕێگایەكە بۆ گفتوگۆكردن
لەبارەی ناكۆكییەكانیان.