وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، بڕیاریدا تەنها رێگە بەوانە بدرێت لە رەمەزاندا عومرە بكەن كە ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتوە یاخود لە كۆرۆنا چاكبونەتەوە.
ئاوێنە: ئاژانسی رەسمی هەواڵی سعودیە، ئەمڕۆ دوشەممە، لەزاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی حەج و عومرەی وڵاتەكەوە بڵاویکردەوە، بڕیاردراوە لەگەڵ مانگی رەمەزاندا توانای بەگەڕخستنی مزگەوتی حەرام لە مەککەی پیرۆز بەرزبكەنەوە، لەگەڵ پابەندبون بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە لایەنی رێگەپێدراو.
وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە ئاماژەی بەوە کردوە، بەپێی رێکارەكانی خۆپارێزی، رێوڕەسمەکان بەڕێوەدەچن، لە 1ی مانگی رەمەزانی ئەمساڵ رێگە بە رێوڕەسمەکانی عومرە و نوێژکردن دەدرێت لە مزگەوتی حەرام و سەردانکردنی مزگەوتی پێغەمبەر، بۆ ئەوانەی دو ژەمی ڤاكسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە، یاخود 14 رۆژ تێپەڕبوە بەسەر وەرگرتنی یەکەم ژەمی ڤاكسینەكە، یان لە کۆرۆنا چاکبونەتەوە.
هەروەها شوێنگرتن بۆ ئەنجامدانی عومرە و نوێژەکان لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی (اعتمرنا) و (توکلنا) دەبێت.