ڕوسیا كوشتنی 200 چه‌كداری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕادەگەیەنێت
  2021-04-20       936       

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانکردنی چەند پێگەیەکی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، کە بە “تیرۆريستان” ناوی بردوون، 200 چه‌كداری  ئةو هێزانة کوژراون.

ئاوێنه‌:  وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “دوای کۆکردنەوەی زانیاريی ورد لەسەر جوڵەی هێزەکانی دژەحکومەت لە نزیک پالمێرا و باکوری ڕۆژئاوای سوریا، بۆردومانی پێگەی ئەو هێزانە کراوە و ڕێگەیان لێگیراوە لە نانەوەی پشێوی لة سوریا”.

بەوتەی وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا، هۆکاری ئەو هێرشانە ئەوە بووە، کە هێزەکانی دژەحکومەت ویستویانە بە پيلانێک بەربەست بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتيی سوریا دروستبکەن.

ڕوسیا ئاشکرایکردووە، لە هێرشەکاندا 24 ئۆتۆمبیل و سەدان کیلۆگرام مادەی تەقینەوە لەناوبراون و 200 ئەندامی ئەو هێزانە کوژراون.

بەوتەی وەزارەتی بەرگريی ڕوسیا، لە حاڵەتێکدا ئەگەر ڕێگری لەو هيَزانةي ئۆپۆزسیۆن نەکرایە، هێرشەکانیان سوریای دەخستە دۆخێکی دیکەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە ئەنجومەنی گەلی سوریا ڕۆژی 26 ی مانگی داهاتووی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی سوریا دیاریکردووە و واتە مانگی داهاتوو سەرۆکی نوێی سوریا دیاریدەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×