هیندستان..لە دەهلی شوێن بۆ رێوڕەسمی سوتاندنی مردوانی كۆرۆنا نەماوە
  2021-04-30       1123       

هێشتا شەپۆلە مەترسیدارو كوشندەكەی كۆرۆنا لە هیندستان كۆنترۆڵ نەكراوە لە دەهلی پایتەخت شوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی سوتاندنی مردوانی ڤایرۆسەكە نەماوەو داوای دابینكردنی شوێنی زیاتری تایبەت بە سوتانی مردوانی كۆرۆنا كراوە.

ئاوێنە: دوێنێ پێنجشەممە، بە توشبونی 386 هەزار كەسی دیكە كۆی توشبوانی كۆرۆنا لە هیندستان گەیشتە زیاتر لە 18 ملیۆن كەس، كە ئەوەش بەرزترین ژمارەی توشبوانی رۆژانەیە لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان لەسەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەوە.

هەر دوێنێ تەنها لە دەهلی پایتەخت 390 توشبوی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە كە ئەوەش بەرزترین ئاماری رۆژانەی گیانلەدەستدانە لە پایتەختی ئەو وڵاتە.

هیندۆسەكان باوەڕیان وایە بۆ دەرچونی رۆح لە جەستە، دەبێت جەستە لەناو ببرێت و بۆ ئەوەش سوتاندنی تەرمی مردو بەشێكی گرنگی رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە مردوەكە لە ئایینی هیندۆسیدا پێكدەهێنێت.

بەپێی هەواڵێكی بی بی سی، پۆلیسی هیندستان وتویەتی، لە دەهلی پایتەخت بەهۆی كەمی شوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی سوتاندنی مردوان، خەڵك ناچاربون بۆ ئەنجامدانی رێوڕەسمی سوتاندنی تەرمی كەسوكارییان، لە هەندێك شوێن كەڵك وەربگرن كە شیاو نین بۆ رەچاوكردنی رێكارە تەندروستییەكان.

پۆلیس ئاماژەی بەوەشداوە كە پێشنیاریان كردوە شوێنی زیاتر بۆ سوتاندنی تەرمەكان دابین بكرێت.

لە هیندستان، توشبوانی كۆرۆنا روبەڕوی كەمبونی ئۆكسجین، قەرەوێڵەی نەخۆشخانەو دەرمان بونەتەوە. حكومەتی ناوەندی وڵاتەكە لە روبەڕوبونەوەی شەپۆلی دوەمی كۆرۆنا رەحنەی زۆری لێدەگیرێت بەتایبەت لە رێگەدان بە ئەنجامدانی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و رێوڕەسمە ئایینییە گەورەكان.

بڕیارە لە سبەی شەممەوە هەمو ئەوانەی تەمەنیان لەسەرو 18 ساڵەوەیە بتوانن ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرن. لەگەڵ ئەوەی هیندستان گەورەترین بەرهەمهێنەری ڤاكسینە لەسەر ئاستی جیهان، بەڵام هێشتا ڤاكسینی پێویستی نییە بۆ نزیكەی 800 ملیۆن كەس كە مافی وەرگرتنی ڤاكسینەكەیان هەیەو هەندێك لە ویلایەتەكانی ئەو وڵاتە باسیان لە كەمی ڤاكسینەكە كردوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×