رەغدی كچی سەدام پەیامێك ئاڕاستەی كوڕەكەی قەزافی دەكا
  2021-11-15       2668       

بە بۆنەی خۆكاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لیبیا، رەغدی كچی سەدام حسێن، ئەمڕۆ دوشەممە، پەیامێكی ئاڕاستەی سەیفولئیسلامی کوڕی موعەمەر قەزافی كرد.

ئاوێنە: رەغد سەدام حسێن، لە تویتێكدا بە بۆنەی خۆكاندیدكرنی سەیفولئیسلامی كوڕی موعەمەر قەزافی نوسیویەتی"برای بەڕێز سەیفولئیسلام قەزافی، من و خۆشەویستانت بە بایەخێكی زۆرەوە چاودێری قۆناغی داهاتوتان دەكەین."

رەغد وتوشیەتی"نزاتان بۆ دەكەم كە بگەڕێنەوە بۆ ئەو پلەوپایەیەی كە شایانتانەو خزمەتی لیبیا بكەن و بیگەڕێننەوە بۆ پێگە راستەقینەكەی خۆی."

دوێنێ یەكشەممە، میدیاکانى لیبیا بڵاویانکردەوە، سەیفولئیسلام کوڕى موعەمەر قەزافى سەرۆکى پێشوى لیبیا دۆسیەى خۆکاندیکردنى بۆ بەشداریکردنى لە کێبرکێى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى وڵاتەکەى پێشکەشى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانى لیبیا کردوە، کە بڕیارە لە (24)ى مانگى داهاتودا بەڕێوەبچێت.

پێشتریش سەیفولئیسلام قەزافى لەکاتى دەرکەوتنى لە یەکێک لەکەناڵەکانى راگەیاندنى ئەمەریکا ئاماژەى بەوەدابو کە بەنیازى خۆکاندیدکردنە بۆ سەرۆکى لیبیا و رایگەیاند، کاتەکە گونجاوە بۆ "گەڕانەوە".

سەیفو لئیسلام قەزافى تەمەنى (49) ساڵە، ساڵى (2011) دواى کەوتنى دەسەڵاتەکەى باوکى  لەلایەن ئەو گروپە چەکدارانەى کە بە (شۆڕشگێڕانى لیبیا) ناودەبران دەستگیرکرا، ساڵى (2017) بە بڕیارى حکومەتى کاتى لیبیا ئازادکرا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×