بهگوێرهی نوێترین ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، تا ئێستا زیاتر لهھەزار هاوڵاتی مەدەنی لەجەنگی روسیا - ئۆکراینا كوژراون. نزیكهی دو ھەزار کەسیش برینداربونو سێ ملیۆنو ٧٢٥ ھەزار پەنابەریش رویان لهوڵاتانی دراوسێی ئۆکراینا كردووه.
ئاوێنه: کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربەنەتەوەیەکگرتووەکانەوە (OHCHR) ڕایگهیاندووه، لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان روسیا - ئۆکرایناوە تا ئێستا لانیکەم ھەزارو ٨١ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوەو ھەزارو ٧٠٧ کەسی دیکەش برینداربون.
هاوكات کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەربەنەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR)، لەراگەیەندراوێکدا ڕونیكردۆتهوه كه لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ ٢٤ ئادار سێ ملیۆن و ٧٢٥ ھەزار و ٨٠٦ پەنابەر لەئۆکرایناوە روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە کە زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە پەنایان بۆ پۆڵەندا بردووە.
ئەوەش ئاشکراکراوە کە زۆرینەی ئۆکراینییەکان پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی دراوسێی وەکو پۆڵەندا بە (دوو ملیۆن و ٢٠٦ ھەزار و ١١٩) پەنابەر، رۆمانیا (٥٧٢ ھەزار و ٧٤٥) پەنابەر و مۆڵدۆڤا (٣٧٦ ھەزار و ٧٤٨) پەنابەر. ھاوکات لە ٢١-٢٣ی شوبات ١١٣ ھەزار کەس لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوھانسکهوه چوونەتە ناو خاکی رووسیا.