ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئیدانەی تۆپبارانەكەی توركیا بۆ سەر زاخۆ دەكات
  2022-07-26       520       

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئیدانەی تۆپبارانەکەی سنوری زاخۆ دەكات و داواش دەكات پاڵپشتیی دەسەڵاتدارانی عێراق بكرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە.

 ئاوێنە: ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی "ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشەکەی رۆژی 20ی تەمموزی 2022ی پارێزگای دهۆک دەکەن. هێرشەکە بوە هۆی کوژرانی لانیکەم 9 کەسی مەدەنی، لە نێویشیاندا منداڵ هەیە."

ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش هاوسۆزی و هاوخەمیی قوڵی خۆیان بۆ خێزانی قوربانیان، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و هیوای چاکبونەوەی خێرایان بۆ برینداران خواستوە، هاوکات پاڵپشتیی خۆیان بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق لە لێکۆڵینەوەکانیاندا دەربڕیوە.

 ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان داوایان لە هەمو وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنەکە کردوە، "چالاکانە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بکەن بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو لێکۆڵینەوانە."

هاوکات ئەنجومەنی ئاسایش پاڵپشتیی خۆی بۆ سەبەخۆیی، سەروەری، سەلامەتیی خاک، پرۆسەی دیموکراسی و خۆشگوزەرانی لە عێراق دەربڕیوە.

ئەو راگەیەندراوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەكاتێكدایە كە بڕیارە سبەی سێشەممە، ئەنجومەنەكە كۆببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر زاخۆ.

ئاژانسی هەواڵی عێراقی لە زاری سەرچاوەیەكی دیپلۆماسییەوە بڵاویكردۆتەوە، لەسەر داوای عێراق، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رۆژی سێشەممە 26ی تەموزی دیاریكردوە بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی خۆی لەبارەی دەستدرێژییەكەی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×