بەغدا لەئاگری شەڕدا دەسوتێت
  2022-08-30       1866       

ئا: ئاوێنە

 

سوپای عێراق، بەپشتیوانی چەکدارانی حەشدی شەعبی ناوچەی سەوزی بەغدای لەلایەنگرانی موقتەدا سەدر چۆڵ کرد، شەڕە تەقەو پێکدادانی ناو شەقامەکانی بەغدا لەنێوان لایەنگرانی سەدرو چەکدارانی هەواداری ئێراندا، ١٢ کوژراوو زیاتر لە ٢٠٠ برینداری لێکەوتەوە.

 

دوای هێرشی لایەنگرانی موقتەدا سەدر، پیاوی ئایینی كاریگەری عێراق‌و سەركردەی رەوتی سەدر، بۆ سەر كۆشكی حكومەت لەناوچەی سەوزی بەغدا، هێزە ئەمنییەكانی عێراق لەڕیگەی هێزەوە دەستیان کرد بەچۆڵكردنی ناوچەی سەوز لەخۆپیشاندەران. هێرشی لایەنگرانی موقتەدا سەدر بۆ سەر دامودەزگاکانی حکومەت دوای راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی سەدر لەکاری سیاسەت روویدا.

 

بە پێی میدیاکانی عێراق تا لەئێوارەی دوشەممەوە (تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە) بە بەردەوامی شەڕو پێکدادان بەچەکی سوک‌و  قورس لەنێوان خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدرو لایەنگرانی هاوپەیمانی شیعەی رکابەریی، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت‌و بە"چوارچێوەی هەماهەنگی" ناسراوە، بەردەوامە، حکومەتی عێراق قەدەغەی هاتوچۆی لە سەرتاسەری وڵات راگەیاندوە.

 

هەڵگیراسانی شەڕو بڵاوبونەوەی قەناس بەدەست‌و بەرزبونەوەی دوکەڵ‌و بڵێسەی ئاگر لەم ناوچەیەی بەغدا کە بەپاسەوانێکی زۆر تەنراوەو بیناکانی حکومەت‌و باڵوزخانەی وڵاتانی تیایە، جێی بایەخ‌و سەرنجی هەمو ناوەندە سیاسیەکانی ناوچەکەو جیهانە.

 

سوپای عێراق سەرەتا قەدەغەی هاتوچۆی لەناو بەغدای راگەیاند، بەڵام خۆپیشاندەرانی لایەنگری موقتەدا سەدر پشتگوێیان خست‌و پاش ئەوەی شەڕو پێکدادان بەسرەو چەند شارێکی دیکەی باشوری گرتەوە، قەدەغەی هاتوچۆ بۆ هەموو وڵات راگەیەندرا.

 

پزیشکانی نەخۆشخانەی بەغدا بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە دوای شەڕو پێکدادان لەناوچەی سەوز، هەشت کەس لەلایەنگرانی سەدر کوژراون و لانیکەم ٨٥ کەسی دیکەش برینداربون.

 

ئەمەم لەکاتێکدایە کە بەپێی هەواڵی میدل ئیست نیوز، بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بۆ چۆڵکردنی دەستبەجێی سەرجەم بیناکانی حکومەت لەخۆپیشاندەران ڕاگەیەندراوە.

 

پێش بڵاوکردنەوەی ئەم راگەیاندراوەش، مستەفا کازمی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشی سەر باڵەخانەکانی حکومەت، داوای لەموقتەدا سەدر کرد هەنگاو بنێت بۆ بانگهێشتکردنی خۆپیشاندەران بۆ ئەوەی ئەو بینایانە چۆڵ بکەن.

 

هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانەدا، باڵوێزخانەی ئێران لەبەغدا داوای لەئێرانییەکان کرد گەشت بۆ عێراق بەگشتی‌و کازمین‌و سامەڕا بەتایبەتی نەکەن.

 

بە پێی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لەتاران رایگەیاندوە کە لەئێوارەی دوسەممەوەو گەشتە ڕۆشتنەکانی بەشێک لەکۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی بۆ بەغدای پایتەخت هەڵوەشاوەتەوە.

 

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردن لەعێراق (یۆنامی) ئەم پێشهاتانەی بە"زۆر مەترسیدار" وەسف کردو داوای لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد "خۆیان لەو کردارانە بەدور بگرن کە رەنگە ئاگری گەورەی لێبکەوێتەوە".

 

هه‌روه‌ها حكومه‌تی ئه‌مریكا داوای هێوركردنه‌وه‌ی كردوه‌ لەلایەنە بەشەڕهاتوەکان، بۆ ئەوەی نارامی زیاتری لێنەکەوێتەوە.

 

بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، دوای بەغدا، خۆپیشاندان‌و پێکدادانەکان ناوچەکانی دیکەی گرتۆتەوەو هەوادارانی سەدر هێرشیان کردوەتە سەر باڵەخانە حکومییەکان لەشارەکانی بەسرەو ناسریەو حلە لەباشوری عێراق‌و بەشێک لەرێگاکانیش داخراون.

 

دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، عێراق کەوتە بنبەستی سیاسییەوە بەهۆی ناکۆکی نێوان فراکسیۆنە شیعەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×