راوێژكارێكی كازمی دو هه‌نگاو بۆ پاشه‌كه‌وتی داهاتی نه‌وت ئاشكراده‌كات
  2022-09-23       141       

مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح راوێژكاری دارایی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، له‌ڕێگه‌ی دو هه‌نگاوه‌وه‌ پاشه‌كه‌وتی نه‌وت خه‌رجده‌كرێت، پێویستیشه‌ له‌پێشینه‌ بدرێت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریه‌وه‌ن و داهاتێكیان نیه‌ بتوانن گوزه‌ریانی رۆژانه‌یانی پێ به‌ڕێوه‌ببه‌ن.

ئاوێنه‌: مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "پێویسته‌ پاشه‌كه‌وتی نه‌وت به‌ دو ئاڕاسته‌دا بڕوات، یه‌كه‌میان خه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی پێویست كه‌ ئه‌ویش به‌ دابینكردنی داهاتێكی نه‌ختینه‌ كه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ دو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار ده‌بێت له‌ رۆژێكدا، كه‌ هێڵی هه‌ژاری زیاتر ده‌گرێته‌وه‌ ئامانجیش لێی به‌رزكردنه‌وه‌ی داهاته‌ بۆ هه‌ر هاوڵاتیه‌ك".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "پێویسته‌ پاره‌كه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی و خوێندنی بێبه‌رامبه‌ر و به‌شه‌خۆراكی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی بێبه‌شكراون له‌و خزمه‌تگوزاریانه‌ ته‌رخانبكرێت، به‌تایبه‌تی زۆرترین گروپی لاوازی كه‌مئه‌ندامان، بێوه‌ژن، به‌ساڵاچوان، بێباوك و چه‌ندین چین و توێژی دیكه‌ له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریه‌وه‌ن و پێویستیان به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی حكومه‌ت هه‌یه‌ له‌ڕوی دابینكردنی خۆراك، خانوبه‌ره‌، چاودێری ته‌ندروستی، دامه‌زراندن و پێداویستییه‌كانی دیكه‌وه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "به‌شی دوه‌م خه‌رجكردنی  پاشه‌كه‌وتی نه‌وت بۆ وه‌به‌رهێنانه‌ كه‌ ئه‌میش په‌یوه‌سته‌ به‌ پڕۆژه‌كانی شار كه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن، به‌تایبه‌تی ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌ ده‌رفه‌تی كار ده‌ڕه‌خسێنن كه‌ ئه‌میش سه‌رچاوه‌ی داهات و بنه‌مای خۆشگوزه‌رانی تاكه‌، هه‌روه‌ها گرنگیی به‌شداریكردن له‌ پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان له‌ خێراكردنی ئاستی گه‌شه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆیی وڵاته‌".

مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د ساڵح ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌، "ئه‌و دو خاڵه‌ سیاسه‌تی سه‌ركه‌وتوی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌پێدانی ئابورین كه‌ پێویستیان به‌ به‌رنامه‌ی جێبه‌جێكردنی تۆكمه‌ و به‌رده‌وام و سیاسه‌تی حكومه‌ت هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی جێبه‌جێبكرێن".

نیشانەکردن 

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×