هەردوو کۆمپانیای بواری بەرگریی تورکیا STMو Roketsan لەپێشانگهی SAHA بۆ بەرگریی کە لەم هەفتەیەدا لەتورکیا بەڕێوەچوو، پەردەیان لەسەر فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیی خۆکوژیی نوێ بەناوی "Alpagut" لادا کە دەتوانرێت دژ بەئامانجە وشکانییو دەریاییەکان بەکاربهێنرێت.
ئاوێنە: ئیسماعیل دەمیر سەرۆکی دەستەی پیشەسازییە بەرگرییەکانی تورکیا (SSB) ڕایگهیاند، "ئەو چەکە نوێیە دژ بەئامانجە وشکانیو دەریاییەکان زۆر کاریگەرە، لەناویاندا سیستەمەکانی ڕادارو پەیوەندییەکانو ژێرخانە گرنگەکانی وەک ناوەندەکانی فەرماندەییو کۆنترۆڵکردنی هێزەکانی دوژمن".
فڕۆکە کامیکازییە نوێکەی تورکیا کێشی 45 کیلۆگرامەو کڵاوەی تەقینەوەکەی 11 کیلۆگرامە.
باس لەوەشکراوە، لەقۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا دەتوانرێت لەسەر سەکۆی ئاسمانییەوە ئاراستە بکرێت، جگەلەوەی چەند مۆدێلێکی لێ بەرهەمدەهێنرێت کە دەتوانرێت لەوشکانیو دەریاوە ئاڕاستە بکرێت، هەروەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی لەجۆری بایراکتار تی بی 3 دەتوانێت ئەم جۆرە درۆنە خۆکوژیانە ئاڕاستە بکەن.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە، وابڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم تاقیکردنەوە پێویستەکان لەسەر دڕۆنە خۆکوژییەکە تەواو بکرێتو ئامادەی بەکارهێنان بێت.
لەدوای بەکارهێنانی دڕۆنی خۆکوژی ئێرانی لەجۆری شاهید-136 لەلایەن ڕوسیا لەجەنگی ئۆکرانیا کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گۆڕینی ئاڕاستەی جەنگەکەو کەمکردنەوەی گوشارەکان لەسەر سوپای ڕوسیا هەبوو، بەشێکی زۆر لەوڵاتانی جیهان لەناویاندا تورکیا دەستیانکردوە بەپەرەپێدانی ئەو جۆرە درۆنە خۆکوژیانە.