ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا؛ کۆمارییەکان لە پێشن
  2022-11-09       412       

دوێنێ سێشەممە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، یەک لەسەر سێی ئەنجومەنی پیران و حاکمی 39 ویلایەت لە ئەمریکا بەڕێوەچون، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانیش پارتی دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتی جۆو بایدن روبەڕوی شکست بوەتەوە و رکابەرەکەی کە پارتی کۆمارییەکانن لە هەردو ئەنجومەنی نوێنەران و پیران لەپێشەوەن.

ئاوێنە: بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس تائێستا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە پێکهاتوە لە 435 کورسی، پارتی کۆمارییەکان 186 کورسیان بەدەستهێناوە و دیموکراتەکانیش 161 کورسیان بەدەستهێناوە، بۆ ئەنجومەنی پیرانیش کە پێکهاتوە لە 100 کورسی،  دیموکراتەکان 45 کورسی و کۆمارییەکانیش 46 کورسیان بەدەستهێناوە.

بۆ هەڵبژاردنی حاکمی ویلایەتەکانیش کۆمارییەکان پێش دیموکراتەکان کەوتون و لە کۆی 39 حاکم کە دوێنێ هەڵبژێردران، کۆمارییەکان 23 ویلایەتیان بردوەتەوە و دیموکراتەکانیش 14 ویلایەتیان بردوەتەوە.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی پارتی دیموکراتەکان کە لەم هەڵبژاردنەدا پارتەکەی روبەڕوی شکست بوەتەوە، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی بۆچونی هاوڵاتیان و هەوڵدان بۆ سەرکەوتنی پارتەکەی لە وتارێکدا بۆ لایەنگرانی لە کالیفۆرنیا وتی، "لەماوەی دو ساڵی رابردودا پێشکەوتنێکی گەورەمان بەدەستهێناوە بۆ بەهێزکردنی ئابوری وڵاتەکەمان، بۆیە چاومان لەوەیە ئەو پێشکەوتنە بەردەوامی پێبدرێت، لە پاڵ ئەوەشدا بەڵێنی دەدەین هەڵاوسانی ئابوری کەمبکەینەوە".

ئەوەشی خستەڕو، ئەمریکا پارێزگاری لە بەهێزی ئابوری خۆی دەکات، ئیدارەکەشی تەنها لە ماوەی مانگی رابردودا 261 هەزار هەلی کاری رەخساندوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×