دادگایەكی ئیتاڵیا سزای 12 ساڵ زیندانی بۆ مەلا كرێكار دەركرد
  2019-07-16       1991       

دادگایەكی ئیتالیا، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوشەممە، سزای زیندانیكردنی 12 ساڵی بۆ مەلا كرێكار، ئەمیری پێشوی ئەنسارولئیسلام دەركرد لەگەڵ سزای حەوت ساڵ و شەش مانگ تا نۆ ساڵ بۆ پێنج كەسی دیكە، ئەوەش بە تۆمەتی هەوڵدانی ئەو گروپە بۆ ئەنجامدانی "هێرشی تیرۆریستی" لە ئەوروپا.

ئاوێنە: دادگای بۆلزانۆ-ی ئیتالیا ئەمڕۆ دوشەممە دادگاییكردنی مەلا كرێكار و پێنج كەسی دیكەی بەبێ ئامادەبونی خۆیان بەڕێوەبردو سزای زیندانی بۆ هەر شەشیان دەركرد.

بەپێی ماڵپەڕی "رەئی نیوز"ی ئیتاڵی مەلا كرێكارو ئەو پێنج كەسەی دیكە كە "ئەندامی گروپێكی جیهادی"ن بە تۆمەتی پلاندانان بۆ ئەنجامدانی هێرشی "تیرۆریستی" سزادراون.

ماڵپەڕە ئیتاڵییەكە هێمای بۆ ئەوە كردوە، مەلا كرێكار، 62 ساڵ كە لەدایكبونی كوردستانی عێراقەو ئێستا لە نەرویج بەجۆرێك لەئازدی دەژی، ئامادەیی دادگاییكردنەكە نەبوە كە تێیدا بە 12 ساڵ زیندانی سزادراوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە داواكاری گشتی، باسكوال پرۆفیتی داوای 10 ساڵ زیندانی بۆ مەلا كرێكار كردبو.

هەروەها دادگا ئیتالییەكە سزای نۆ ساڵ زیندانی بۆ هەریەكە لە ماكوان كەریم رەحیم و وەهاب حەمەساڵح و هەروەها سزای حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانی بۆ هەریەكە لە زانا رەحیم عەبدولڕەحمان و كامیل فەتاح جەلال و رێبوار حەمەد دەركردوە.

لەلایەكی دیكەوە پارێزەرە نەرویجییەكەی مەلا كرێكار كە ئامادەی دادگاییەكە نەبوە بە رۆژنامەی "ڤەردێنس گانگ"ی نەرویجی راگەیاندوە تانە لە بڕیارەكە دەدەن بەڵام هێشتا بڕیارەكەیان بەدەست نەگەیشتوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە دەرفەتی ئەوە نەدراوە بە كرێكار كە بەڵگەكانی بخاتەڕو و رونكردنەوە بداتە دادگا یاخود قسە لەگەڵ پارێزەرەكەی بكات.

لەلایەكی دیكەوە ماڵپەڕی "دوربین"ی سەربە مەلا كرێكار رایگەیاندوە كە حكومەتی ئیتالیا ئافرەتێكی كردوە بە پارێزەری مەلا كرێكارو دو تۆمەتباری دیكەیان، بەبێ ئەوەی هیچ یەك لە تۆمەتبارەكانی دی بێت و قسەی لەگەڵ كردبن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×