جەمیل بایك: لە هەڵبژاردنی تورکیا لادانی ئاکەپە لە دەسەڵات مسۆگەرە
  2023-03-03       708       

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە)، پێی وایە لە هەڵبژاردنی داهاتوی توركیادا لادانی ئاكەپە، پارتەكەی ئەردۆغان، لە دەسەڵات مسۆگەرە. دەشڵێت، بەبێ پشتیوانی هەدەپە نە هاوپەیمانی جمهورو نە هاوپەیمانی میلـلەت ناتوانن بیبەنەوە.

ئاوێنە: جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كەجەكە، لە دیدارێکدا لەگەڵ پەیمانگای ئاشتی کورد، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەمساڵی توركیاوە رایگەیاندوە "بەئەگەری زۆر دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە وادەی دیاریکراودا هەڵبژاردن ناکات، لە راستیدا ئاکەپە دۆڕاندویەتی، وای بۆ دەچم لە مێژوی تورکیادا هەرگیز وەک ئێستا کاری گەندەڵی، دزی و پێشێلکاری نەکراوە. کوڕ، زاوا، کچ، خزم و کەسوکار و نزیكەكانی ئەردۆغان هەمو بەهۆی کاری گەندەڵی و بەرتیلەوە ناویان کەوتوەتە سەر زار."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەماوەی دەسەڵاتدارێتی 20 ساڵەدا بە ئاشکرا دەرکەوتوە کە دەسەڵاتداریی ئاکەپە چەندە نادادپەروەرە، بەرژەوەندیپەرستە، کۆمەڵگاش ئەوەی بۆ دەرکەوتوە، ئابوری تورکیا دەتوانرێت بوترێت لەناوچوە، هەڵاوسان گەیشتوەتە بەرزترین ئاستی 40 ساڵی رابردو. هەژاری و بێکاری لە بەرزترین ئاستدایە. هاوکات ناسەقامگیری سیاسی زۆر دەبێت. ئاکەپە لەگەڵ سیاسەتی ئێستای جیهانیش یەکناگرێتەوەو ناتەبایە، ئەردۆغان بە مێشکی عوسمانی و نەتەوەپەرستی وشکی خۆی هەموو کەسی کردوە بە دوژمن، هەربۆیە مسۆگەرە کە لە هەڵبژاردنی داهاتودا ئاکەپە لە دەسەڵات لادەدرێت."

هاوسەرۆکی کەجەکە پێی وایە "تاکە کارت" کە بەدەست پارتەكەی ئەردۆغانەوە مابێت "نەتەوەپەرستییە" لە کاتێکدا وەك ئەو وتویەتی"کۆمەڵگا لە هەمو ئاستێکدا برسی کراوەو وەک پێشتر ناکەوێتە ژێر کارتێکەری پرۆپاگەندەی نەتەوەپەرستی."

جەختیشی كردۆتەوە كە"لە هەڵبژاردندا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بە پێشەنگایەتی هەدەپە یەکلاکەرەوە دەبێت. هاوپەیمانی جمهوریش و میلـلەتیش باش ئەوە دەزانن، بە بێ پشتیوانی هەدەپە نە هاوپەیمانی جمهور و نە هاوپەیمانی میلـلەت ناتوانن بیبەنەوە. هەڵبژاردن دوابخرێت و دوانەخرێت ئەو راستیە ناگۆڕێت."

وتوشیەتی"بە بڕوای من کامە کاندید یاخود هاوپەیمانی بەشێوەیەکی ئەرێنی و یەکگرتو مامەڵە لەگەڵ چارەسەری دیموکراتییانەی پرسی کورد و دیموکراتیبونی تورکیا بکات، هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش پشتیوانی ئەوان دەکات."

لە بارەی داخستنی هەدەپەشەوە وتویەتی"وەک دەزانرێت دۆسیەی داخستنی هەدەپە لە ئارادایە، دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بە ئەگەری زۆر هەدەپە دادەخەن، سیاسەتی دیموکراتییانەی کورد، هەروەها هێزە دیموکراتییەکانی تورکیا ئامادەن بەپێی روداوە چاوەڕوانکراوەکان لەسەر جێگرەوەو رێگەو رێبازی جیاجیا بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن؛ دەزانم کە بە دۆخی ئێستایانەوە ئەنجامی هەڵبژاردن یەکلادەکەنەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×