لەبەریتانیا، گروپێك لەقاچاغچی كورد دادگایی كران
  2023-03-17       1200       

ئا: كاوە ڕەش

 

بەپێی ڕاگەیاندنی ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا، پێنج ئەندامی تۆڕێكی تاوانکاری ڕێکخراو كە پێكهاتوون لەچوار كوردو كەسێكی دیكەی ڕۆمانی، لەدادگا تاوانباركراون بەهێنانی کۆچبەری نایاسایی بەپشتی بارهەڵگری ساردکەرەوە لەڕێگای  بەندەری شاری  "پۆرتسمۆس"وە بۆ وڵاتی بەریتانیا بەقاچاخ.

 

چالاکییەکانی ئەو باندە لەژێر لێکۆڵینەوەو چاودێری كردنی نهێنی بەردەوامدا بووە، كە چوار ساڵە دەزگای تاوانی نیشتیمانی ئەنجامی داوەو دواجار بەئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش دەستگیر دەكرێن و ئاشکرا دەبن.

لەکاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی سەرەتای 11ی ئازاری 2019، ئەفسەرانی دەزگاێ تاوانی نیشتیمانی چاودێری چالاكیەكانی ئەندامانی ئەو  گروپەیان كردووە،  دوای بەدواداچوون دەركەوتوە كە لەڕێگای لۆریەكی ساردكەرەوە دوای ئەوەی بەکەشتی گەیشتۆتە بەریتانیاو شوفێرێكی ڕۆمانی بەناوی مارینێل دانوت تەمەن 31 ساڵ، لێی خوڕیوە، لەباكوری فەرەنساوە، لانیكەم سێ كۆچبەری نایاسایی تێدا بووە.

پاش یەكتر بینیان لەگەڵ ئەندامانی دیكەی گروپەكە لەشەقامی  A27لەو شوێنەی كۆچبەرەكان دەخەنە ناو دوو ئۆتۆمبیلی دیكەی جیاوازەوە.

دوای چاودێری كردنی ئەفسەرانی ئاژانسی بەرەنگاربونەوەی تاوانی  نیشتیمانی، ئۆتۆمبێلی یەكەم كە جۆری ڤۆكسۆڵ ئاسترا بووە و شوفێرەكەی بەناوی "م.م"، تەمەن ٣٣ ساڵ ڕادەگیرێت، پاش پشكنین دەركەوتوە دوو كۆچبەری عێڕاقیی كە خوشك و برایەكی تەمەن ١٨ساڵ و ١٣ساڵ بوون لەناویدا دەستبەسەر دەكرێن.

ئۆتۆمبێلی دووەمیش، كەجۆری ئاودیۆی  A3بووە، پاش ڕاگرتنی ئەویش ئافرەتێكی تەمەن ٣٠ ساڵی عێڕاقیی تێدا دەدۆزرێتەوە.

هەرلەهامانكاتدا كە ئەفسەرانی  NCAویستوانە لۆریەكە دەستبەسەر بكەن، بەڵام هەوڵی هەڵهاتنی داوە بۆیە پاش دەستگیردنی و پشكنینی ٣٥هەزارو پێنج سەد پاوەندی كاش، لەناو زەرفێكی پلاستیكدا دەدۆزرێتەوە لەگەڵ بڕی ٧هەزار ئیرۆی دیكە، كە لەناو لۆریەكە حەشار دراوە.

بەرەبەیانی دواتریش، لەناوچەی فریاگوزاری و وەستانی ئۆتۆمبێل سەیارەیەكی جۆری ڤی دبلیو تۆران، لەخزمەتگوزارییەکانی لیفۆک ڕێگای ڕادەگیرێت، كە شۆفێرەكەی كوردێكی دیكەیە دەبێت، بەناوی "گ. ج"ی تەمەن ٣٧ساڵ، دانیشتوی شاری برادفۆردە. بەگوتەی ئەفسەرانی ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی "گ" سەرکردەی تۆڕەکەیەو پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی دیكەی گروپەكەی هەبووە، بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوە. ئەو ئێستا لەلایەن  پۆلیسەوە داواكراوە، چونكە پاش دەستگیردنی بەكەفالەت تا كاتی دادگایی كردنی  ئازاد كراوە، بەڵام ئێستا هەڵهاتووەو شوێنی نادیارە.

هەرلەناو ئۆتۆمبیلەكەدا، ئەندامێكی دیكەی باندە قاچاغچییەكە بەناوی "ك. خ"، تەمەن ٤٤ساڵ دەستگیركراوە.

لێکۆڵەرانی ئاژانسەكە پلانەكانی دیكەی گروپەكەی ئاشكراكردوە دوای دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلەکان، و پشكنینی پەیوەندیەكان ناسنامەی ئەندامانی دیکەی گروپەکەیان و لانیکەم دوو کەسی دیکەی گومانلێکراویان دۆزیوەتەوە، کە لەمانگەکانی یەک و ئازاری ٢٠١٩دا، كاری قاچاغچێان كردوە، لەهێنانی كۆچبەری نایاسایی لەباكوری فەڕەنساوە بۆ بەندەرەكانی شارۆچكەی پۆرتسمۆس لەبەریتانیا.

بەپێی داتاو بەڵگەی تۆماری ناو تەلەفۆنەكانیان، دوو ئەندامی  دیكەشیان بەناوی "پ. غ" تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی میدلزبرۆیە، لەگەڵ "ج. ق" لەهەمان ئەو شەوانەی كە لۆریە بارهەڵگرەکە، بەکەشتییەک لەفەرەنساوە گەیشتۆتە شارۆچكەی پۆرتسمۆس و كۆچبەری تێدا بووە، ئەوانیش لەوێ ئامادە بوون.

پاش پشكنینی تاقیگەیی، دەركەوتووە كە ئەو پارە نەختینەیەی لەبارهەڵگرەکەدا دەستی بەسەردا گیراوە، پەنجەمۆری هەریەكە لە"پ. غ"و "ج.ق"ی بەسەرەوە بووە.

هاوكات دوو ئەندامی دیکەی گروپەکە لەڕێگەی بەڵگەی تەلەفۆنییەوە ئاشكرا بوون، كە دانیشتوی شاری مانچستەرن ئەوانیش هەریەكە لە "ج. س'ی تەمەن ٣٨ ساڵ و "ه.س"ی تەمەن ٣٧ ساڵە.

دوای چوار هەفتە لەدادگایكردنیان لەدادگای باڵای بۆرنمۆس، ڕۆژی ١٤ی ئاداری ٢٠٢٣ ، دادگا هەریەكە لەشوفێرە ڕۆمانیەكەو"پ. غ"و "ك. ق"ی تاوانباركرد، بەئاسانكاریی و قاچاغچیەتی كردن بەكۆچبەری نایاساییەوە.

وا بڕیاڕە ڕۆژی ١٣ی مانگی داهاتوو دادگا سزاكەیان بۆ دیاری بكات.

هەریەكە، لە"م. م"و "ج. س"یش، وەك تاوانبار ناسێندران بەئەنجامدانی هەمان تاوان،  ئەوانیش ڕۆژی ٢٠ی مانگی داهاتوو، دادگا سزاكەیان بۆ دیاری دەكات.

بەهۆی ئامادە نەبوونی بەشێكیان لەڕۆژی دادگایی كردن فەرمانی دەستگیرکردنی هەریەكە لە "س. ج"و "ه. س" دەرچووە.

ئاژانسی نیشتیمانی ڕایگەیاندوە: هەر کەسێک زانیاری لەسەر شوێنی ئەوان هەیە با پەیوەندی بە بکات بە ژمارە تەلەفۆنی 0370 4967622.

یەكێك لەبەرپرسانی ئاژانسەكە بەناوی ”، ڕیچارد هاریسۆن دەڵێ: ئەم گروپەی قاچاخچێتی كردن بەخەڵکەوە، دەیانەوێ ڕەوشی شڵەژاواوو لاوازی کۆچبەران بقۆزنەوە ،لەكاتێكدا لەنێو كۆچبەرەكاندا كەسانی لاوازو منداڵان هەن، ئەوان لەپشتی بارهەڵگرە ساردکەرەوەکان بۆ چەند کاتژمێرێک دەیاهێڵنەوە، بەبێ وەستان لەکاتی پەڕینەوە پڕ مەترسیدارەکانی کەناڵەکاندا".

ئاماژەی بەوەش کردووە "لەو بەڵگانەدا ڕوونە، کە بۆمان دەرکەوتووە تاکە هۆکاری ئەو بازرگانانە تەنها ئامانجی تیدا بۆ قازانج‌و دەستكەوت‌و داهاتە، بەبێ ئەوەی هیچ ڕەچاوی سەلامەتی کۆچبەران بکرێت".

بەرپرسەكە دەڵێ: ڕوبەڕوبوونەوەی تاوانەکانی كۆچی نایاسایی‌و ڕێکخراوو باندەكانی بازرگانی كردن بەكۆچبەرانەوە، ئەركی لەپێشینەی کارەکانی NCAو بەکارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان بڕیارمانداوە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ تێکشكاندن‌و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەكانی تاوانکاریی بەمرۆڤەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×