لەناوچەی خانەسۆری شنگال، ژنانی ئێزدی بە بۆنەی یەکەم ساڵیادی سەرهەڵدانی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و داوایان کرد، کۆتایی بەهەموو چەشنە داگیرکەری، کۆیلەداری و فاشیزم بهێندرێت.
ئاوێنە: بزوتنەوەی ئازادی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لە رێگەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیەوە و بە ڕاگەیەندراوێک یەکەم ساڵیادی سەرهەڵدانی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پیرۆز کرد و ڕایانگەیاند، کە ئەوان وەک ژنانی ئێزدی کە لە فەرمانی ٧٤یەمیندا رزگاریان بووە، هەموو کات پشتیوانی لە تێکۆشانی ژنان و گەلان لە پێناو ئازادی دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتی تاژێ، نیام بەدەل ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوە و لە کەسایەتی ژینا ئەمینیدا سەرجەم شەهیدانی سەرهەڵدان و ئەو ژنانەی کە لە تێکۆشان بۆ ئازادیدا کوژراون بەبیری هێنانەوە و بە بۆنەی ساڵیادی سەرهەڵدانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە پیرۆزبایی کرد.
نیام بەدەل لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، کە ژنان لە هەموو شوێنێکی جیهان رووبەڕووی هێرش دەبنەوە و وتی” وەک ژنانی ئێزدی کە لەم فەرمانەدا رووبەڕوو کوشتن، فرۆشتن و بێسەروشوێنکردن بووینەوە، تێکۆشانمان لە دژی ئەو سیستمەیە کە ژنان دەکوژێت، لە باشووری کوردستانیش ئاخینی بچووک کوژرا، کە ئەوەش بۆ ئێمە فەرمانێک بوو، هەر ژنێک کە دەکوژرێت، ژیانێک لە ناودەبرێت، بەڵام ئێمە وەک ژنان دەبێت کوژرانی هەر ژنێک بکەین بە پاڵنەری تێکۆشانمان”.
لە کۆتاییدا بانگ لە سەرجەم ژنانی جیهان کرا کە خاوەنداری لە سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” بکەن و لە دژی هەموو جۆرە کۆیلایەتی، داگیرکەری و فاشیزم بوەستنەوە”.